ئەنجامی پشکنینی جۆ بایدن بۆ تووشبوون بە کۆرۆنا بڵاوکرایەوە

18/12/2020
جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا
فۆتۆ: فۆتۆ : ڕۆیتەزر

وتەبێژی جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، ئەمڕۆ هەینی ئەنجامی پشکینی بایدنی سەبارەت بە کۆرۆنا بڵاوکردەوە، دوای ئەوەی یەکێک لە هاوکارە نزیکەکانی تووشی ڤایرۆسەکە بووە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری "کیت بیندینگفلید" وتەبێژی بایدن ئاشکرایکرد، ئەنجامی پشکینی کۆرۆنا بۆ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا نێگەتیڤ بووە.

جۆ بایدن رەوانە کرا بۆ پشکینی کۆرۆنا، دوای ئەوەی نوسینگەی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ڕایگەیاند، سیدریک ڕێچمۆند نوێنەری ویلایەتی لویزیانا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، کە بایدن وەک گەورە ڕاوێژکاری خۆی دەستنیشانیکردووە، دەرکەوت تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.

وتەبێژی بایدن ئاشکرایکرد، ڕۆژی پێنجشەممە بایدن پشکنینی بۆ کراوە و ئەمڕۆ ئەنجامەکەی دەرچووە کە نێگەتیڤە، ئەو پشکنینەش بۆ بایدن دوای ئەوە بووە کە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەگەل ڕیچمۆن لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا بووە لە شاری ئەتڵانتای ویلایەتی جۆرجیا، بەڵام زۆر لە بایدنەوە نزیک نەبووە.

بە پێچەوانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکاوە، بایدن هەر لە سەرەتای دەرکەوتن و گەشتەکانییەوە ڕێوشوێنی توند دەگرێتە بەر ، بە تایبەت جموجوڵەکانی سنوردارە و بەردەوامیش دەمامک بەکار دەهینێت، تەنانەت زۆر جار لە شوێنە گشتییەکان دوو دەمامک  لەسەر یەک دەپۆشێت و بەشێوەیەکی ڕێکوپێک پشکینی کۆرۆناش ئەنجام دەدات.