تەقینەوەیەك لە نەخۆشخانەیەك روویدا و22 كوژراو برینداری لێكەوتەوە
لە نەخۆشخانەی سانكۆ لە شاری عەنتاب، تەقینەوەی بتڵێكی ئۆكسجین هەشت كەس گیانیان لەدەستدا و 14 كەسیش بریندار بوون.
لە راگەیەندراوێكدا نەخۆشخانەی سانكۆ رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لە بەشی چاودێری چڕی تووشبووانی كۆرۆنا، بتڵێكی ئۆكسجین تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە ئاگر كەوتوەتەوە.
هەرچەندە ئاگرەكە كۆنتڕۆڵكراوە بەڵام بەهۆی ئاگرەكەوە هەشت نەخۆش كە لەبەشەكەدا بوون گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش ئاشكرا بووە كە 14 نەخۆشی دیكە برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانەكانی دیكەی شارەكە كراون.
ئەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە پێنج كەسیان لە رەگەزی نێربوون و سێ كەسیشیان لە رەگەزی مێ بوون، تەمەنی ئەو كەسانەشی گیانیان لەدەستداوە لە سەرو 56 ساڵیەوەن.
ئاگرەكە لە كاتژمێر 4.45 خولەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ كەوتووەتەوە و بە گوێرەی راگەیەندراوی پارێزگاری شارەكە بریندارەكان هیچیان برینەكەیان سەخت نیە، لەنێو كوژراوانی ئاگركەوتنەوەكە عەلی سەفەت جانپۆلات، قائیمقامی پێشووی نسیب و ئەندامی ئێستای ئەنجومەنی شارەوانی ئەو شارە هەبووە.
|