بانکی ناوەندی بەهای 100 دۆلاری بە 147 هەزار دینار جێگیرکرد

19/12/2020
فۆتۆ: 

بانکی ناوەندیی عێراق بەیاننامەیەکی لەسەر نرخی دۆلار بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، نرخی دۆلاری ئەمریکی لە بەرامبەر دیناری عێراقی دەبێتە ١٤٧٠ دینار بۆ هەر دۆلارێک.

لە بەیاننامەیەکدا ماڵپەری بانکی ناوەندیی عێراق  بڵاویکردەوە، لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا گفتوگۆی چڕوپڕ کراوە لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی و دەسەڵاتی یاسادانان سەبارەت بە دۆخی ئابوری و قەیرانی دارایی بەگشتی کە عێراقی پێدا تێپەڕدەبێت، کە بەهۆی نزمبوونەوەی نرخی نەوت و قەیران و ڕێگرییە ئابوری و تەندروستییەکانەوە هاتووەتە ئاراوە.

بە گوێرەی بەیاننامەکەی بانکی ناوەندیی عێراق، بانکی ناوەندیی بڕیاریدا بە هەموارکردنی نرخی فرۆشتنی دراوی بیانی بەتایبەت دۆلار بەم شێوەی خوارەوە:

١٤٥٠ دینار نرخی هەر دۆلارێک بۆ کڕینی لە وەزارەتی دارایی

١٤٦٠ دینار نرخی هەر دۆلارێک بۆ فرۆشتنی بە بانکەکان

١٤٧٠ دۆلار نرخی هەر دۆلارێک بۆ جەماوەر

بانکی ناوەندی عێراق جەختیکردووەتەوە، کەمکردنەوەی نرخی دیناری عێراقی لەبەرامبەر دۆلار بۆ یەک جار دەبێت و بە هیچ شێوەیەک دووبارە نابێتەوە، بانکی ناوەندی بەرگری لەڕێگەی یەدەگی بیانییەوە پشتگیری لە جێگیرکردنی ئەو نرخە دەکات.

هۆکاری ئەو قەیرانەی داراییەی کە لە ئارادایە هی ئەمساڵ نییە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ١٥ ساڵ لەمەوبە ، ئەویش بەهۆی ئەو سەکردایەتییە سیاسییەی کە ڕابەرایەتی ئابوری گرتبووە دەست و کاری لە پێشینە و بیرکردنەوەی سیاسییەکانیش تەنها بایەخدان بووە بە سیاسەت و هیچ لایەک نەکراوەتەوە بەلای ئابوری و گەشەپێدان و داڕشتنی بنەمایەکی بەهێز بۆ پەیوەندیی نێوان سیاسەت و ئابوری لەلایەک و سیاسەتی دارایی و نەختینەش لەلایەکی ترەوە، بەو هۆیەشەوە سیاسەتی دارایی لە ڕۆڵبینین خۆی دواکەوت.

جگە لەوەش پاشکۆیەتی سیاسەتی ئابوری و دارایی بە خواستی سیاسییەکان و خواستەکانیانەوە، بووە هۆی لەناوبردنی دوا نموونەی ئیدارەدانی دارایی لە عێراقدا و کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئەو ئیدارەیە داراییە لە دابەشکردنی داهاتەکانی نەوت و بەردەوامی دان بە ژیان، وەک موچە و داخوازییەکانی بەکاربەر، جگە لەوەش وەزارەتی دارایی هیچ رۆڵێکی رابەرایەتی خۆی نەدیووە لە ئابوری وڵاتەدا و هیچ زانیارییەکی ئابوری ئەوتۆشی لەبەردەستدا نەبووە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا بانکی ناوەندی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، دەسەڵاتی یاسادانان ڕۆڵی گرنگ دەگێڕێت لە پشتیوانیکردنی ئاراستەکردنی بانکی ناوەندیی بۆ هەموارکردنی نرخی فرۆشتنی دراوی بیانی ، چونکە ئەگەر بڕیاری لەو شێوەیە نەدرایە، ئەوان ناچار دەبوون بڕیاری قورس بدەن، کە ڕەنگە عێراقی بخستایەتە هەمان دۆخەوە کە دەوڵەتانی هاوسێ پێی گەیشتوون.