ژیوار جەوهەر: ئێتگار کێرێت (نووسەرى ئیسرائیلى) زۆر خۆشحاڵە بەوەی چیرۆکەکانی کراون بە کوردی
سازدانى: داستان
ژیوار جەوهەر تاکو ئێستا چوار کتێبی لە زمانى ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانى کوردى، کە سیانیان لە ژانرە جیاوازەکانى ئەدەبن و یەکێکیان لە بوارى فۆتۆگرافیدایە، ئەو یەکێکە لە دامەزێنەرانى(وەشانخانەى پەیک) کە وەشانخانەیەکى تایبەتە بە کارى چاپکردنى کتێب، بە تایبەت وەرگێڕان، لەو بوارەشدا گرنگى بە وەرگێڕانى بەرهەمى نووسەرانێکى جیهانى دەدەن کە بە دونیاى کوردى ئاشنانین و دەکرێت هەوڵەکانى ئەو وەشانخانەیە ببنە سەرەتایەک بۆ ناساندنى ئەو نووسەرانە بە خوێنەرانى کورد .
نوێترین کارى (ژیوار جەوهەر) وەرگێڕانى کۆمەڵەچیرۆکێکى نووسەرى ئیسرائیلى (ئێتگار کێرێت)ە بە ناوى (لە ناکاو لە دەرگاکە دەدرێت)، لەم دەرفەتەى (تۆڕى هەواڵى ژیان)دا دەربارەى نووسەرى کتێبەکە و کارەکانى وەشانخانەى پەیک وەرگێڕ (ژیوار جەوهەر) دەدەوێنین :
ژیان: ئێتگار کێرێت کێیە؟
ژیوار جەوهەر: ئێتگار کێرێت، چیرۆکنووس، دەرهێنەر و سیناریۆنووسێکی خاوەنخەڵاتی ئیسرائیلییە، لە ساڵی ١٩٦٧ لەدایکوباوکێکی ڕزگاربووی هۆڵۆکۆست هاتووەتە دنیاوە. خاوەنی ١٠ کۆمەڵەچیرۆک، دوو کۆمیک، پێنج کتێبی منداڵان و کتێبێکی یادەوەرییە. کتێبەکانی بۆ ٤٨ زمان وەرگێڕدراون. براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە مەدالیای هونەر و ئەدەبیاتی وڵاتی فەڕەنسا، خەڵاتی ساپیر بۆ ئەدەبیات، کە ناودارترین خەڵاتی ئەدەبییە لە ئیسرائیل، هەروەها خەڵاتی کامێرای زێڕینی فێستیڤاڵی فیلمی کان. ئێتگار یەکەم چیرۆکی خۆی لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا لە کاتی خزمەتی سەربازیدا نووسیوە .
ژیان: کارەکانى وابەستەن بە شێوازێکى دیاریکراوەوە؟ یاخود کارێک بۆ کارێکى دیکەى گۆڕانى بەسەردا دێت؟
ژیوار جەوهەر: چیرۆکەکانی ئێتگار دەکرێت بە ئاسانی بناسرێنەوە؛ زۆر کورتن، بەڵام چڕن. کایل سمیس، کە ڕەخنەگرێکی نێوداری ئەمریکییە، پێی وایە ئێتگار دەتوانێت بە شەش پەرەگراف زۆر زیاتر بکات لە زۆربەی ئەو نووسەرانەی بە ٦٠٠ لاپەڕە دەتوانن بەرهەمێکی باش بنووسن. ئەو بابەت و ڕووداوە وردانەی ئێتگار لە دەوری خۆی هەستیان پێ دەکات و بە زمانێکی سادەی ڕۆژانە بەڵام بە شێوەیەکی سوریالی دەیانکات بە چیرۆک، زۆربەمان نایانبینین و بەسەرماندا تێدەپەڕێت. لە ڕووی ستایل و بابەتەوە، لە کۆمەڵەچیرۆکێکەوە بۆ کۆمەڵەچیرۆکێکی ترەوە جیاوازن، تەکنیک و چنینی جیاواز، بەڵام بە گشتی لە ڕووی ناوەڕۆکەوە زۆربەیان دواجار دەچنەوە سەر بیرۆکەیەکی بنچینەیی. چیرۆکەکانی زیاتر دەربارەی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ لەگەڵ خۆی و مرۆڤەکانی دیکەدا، مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاواییەکان، پەیوەندیی نێوان جوولەکە و ئەڵمانییەکان، عەرەب و ئیسرائیلییەکان، بەڵام زۆر ناڕاستەوخۆ. کاتێک چیرۆکێکی ئێتگار دەخوێنیتەوە، هەست دەکەیت نوکتەت بۆ دەکات، بەڵام نوکتەیەکی زۆر جوانی ئەدەبی .
ژیان: چ شتێک لە بەرهەمەکانى ئەودا وایکرد بیر لە وەرگێڕانیان بکەیتەوە؟ گرنگى کارەکانى ئەو بۆ خوێنەرى کورد لە چیدا دەبینى؟
ژیوار جەوهەر: کاتێک لە کۆتاییەکانی ٢٠١٦ـدا یەکەم چیرۆکی ئێتگارم خوێندەوە و گەیشتمە کۆتاییەکەی هەستێکی زۆر سەیرم هەبوو. نەمتوانی خۆم بگرم و چەند جارێکی دیکە لەسەر یەک نەیخوێنمەوە. شتێکی لە شێوازی نووسین و بابەتی چیرۆکەکانیدا هەبوون، زۆر جیاواز بوون. دواتر بەدوای بەرهەمەکانی تریدا ڕۆیشتم و تەقریبەن هەموو چیرۆکە بڵاوکراوەکانیم بە ئینگلیزی خوێندەوە. دواتر بە ئاگاداری و ڕاوێژی خۆی ٢٠ چیرۆکم لەو چیرۆکانەی هەڵبژارد کە لە پێش ٢٠١٨ـەوە بڵاوی کردبوونەوە و بڕیارماندا یەکەمین کۆمەڵەچیرۆکی ئێتگار بە زمانی کوردی لە دووتوێی کتێبێکدا چاپ و بڵاو بکەینەوە. پەیوەندیم پێوە کرد و بیرۆکەکەی بەدڵ بوو، دواتریش پێشەکییەکی تایبەتیشی بۆ کتێبەکە نووسی. بە خوێندنەوەی چیرۆکەکانی ئێتگار، خوێنەری کورد ئەزموونی چیرۆکنووسێکی زۆر جیاواز دەکات و سەرسام دەبێت بەو ئەندێشە تایبەتەی نووسەر هەیەتی .
ژیان: پلانت هەیە لە داهاتوودا وەرگێڕان بۆ بەرهەمەکانى دیکەى بکەیت؟
ژیوار جەوهەر: بەڵێ، ڕەنگە لە داهاتوودا بەرهەمی دیکەی وەربگێڕین و لە بەرنامەماندایە کتێبی یادداشتەکانی بکەین بە کوردی، کە لە ساڵی ٢٠١٣دا بە ناوی «The Seven Good Years» بڵاو کراوەتەوە. کتێبەکە باس لە حەوت ساڵی ژیانی تایبەتیی ئێتگار خۆی دەکات و بە لەدایکبوونی کوڕەکەی دەست پێ دەکات و بە مردنی باوکی کۆتایی پێ دێت .
ژیان: بەوپێیەى بە ئاگادارى نووسەر ئەم کارەیت وەرگێڕاوە، ئایا کاردانەوەى خۆى چییە کاتێک دەبینێت بەرهەمەکانى دەکرێنە زمانى کوردى؟
ژیوار جەوهەر: ئێتگار زۆر خۆشحاڵە بەوەی چیرۆکەکانی کراون بە کوردی، وەک لە پێشەکیی کتێبەکەدا نووسیویەتی؛ هەر لە منداڵییەوە چیای ئارارات یەکێک بووە لەو شوێنانەی حەزی کردووە سەردانی بکات، بەڵام بە هۆی بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە نەیتوانیوە، بەڵام ئێستا لەڕێی وەرگێڕان و بڵاوبوونەوەی چیرۆکەکانی بە کوردی، ئەندێشە و بیرکردەوەکانی لە چیای ئاگری نزیکتر بوونەتەوە. ئێتگار لە سەرەتای دەستپێکی ئامادەکردنی کتێبەکە ئاگادارە و بۆ هەموو وردەکارییەکان پرسی پێ کراوە؛ کەسێکە حەزی لە وردەکارییە و شارەزاییەکی باشی لە بواری چاپی کتێبدا هەیە. لە چاوپێکەوتنێکدا باس لەوە دەکات، نزیکەی ٣٠ ساڵە کتێب چاپ دەکات و هەر جارێک کە کتێبێکی بە زمانی عیبری چاپ کردووە، بەیانییەکەی سەعات شەش لە چاپخانەکە بووە و کێک و شەربەتی بۆ کارمەندەکان بردووە بۆ ئەوەی خۆی خۆشەویست بکات و کتێبەکە بەو جۆرە چاپ بکەن کە خۆی مەبەستیەتی. شێوازی کارکردنی وەشانخانەی پەیکیشی بە دڵ بوو، بە جۆرێک کە لە چاوپێکەتنێکی دوو مانگ پێش ئێستای لەگەڵ پێگەی کاتالیستی عیبریدا، بە گرنگییەوە باسی لە وەرگێڕانی کتێبەکەی بۆ کوردی و کارەکانی وەشانخانەی پەیک کردووە .
ژیان: پێشوازى خوێنەرانى کورد بۆ ئەم نووسەرە نوێیانەى کە ناوى ئاشنانین بە دونیاى ئەدەبی کوردى چۆنە؟
ژیوار جەوهەر: بەرهەمی نووسەرێک کە پێشتر هیچ بەرهەمێکی نەکراوەتە کوردی، یان لانیکەم هیچ کتێبێکی بە کوردی نییە، دەکرێت درەنگتر بچێتە ناو خوێنەرانەوە. بەڵام هەر ئەوەندە نووسەرەکە کەمێک چووە ناو ژماریەک خوێنەر و بە دڵیان بوو، دەکرێت پێشوازییەکی زیاتری لێ بکرێت و بۆ هاوڕێکانیان پێشنیاری بکەن. شێوازی بڵاوکردنەوە و ناساندنی کتێبەکەش لەلایەن ناوەند و دەزگای بڵاوکاری کتێبەکەوە دەور و کاریگەریی خۆی هەیە. بە خۆشحاڵییەوە کۆمەڵەچیرۆکەکەی ئێتگار کێرێت و چاپکراوەکانی دیکەی پەیکیش پێشوازییەکی زۆر باشیان لێ کراوە .
ژیان: ئێوە لە وەشانخانەى پەیک ئامانجتان وەرگێڕانى بەرهەمى ئەو نووسەرانەیە کە پێشتر کارەکانیان نەکراونەتە کوردى، ئەم ئامانجە لە چییەوە سەرچاوەدەگرێت؟ هەروەها دەکرێت بزانین پڕۆژەى داهاتووتان چییە؟
ژیوار جەوهەر: ڕاستە. زیاتر گرنگی بە بەرهەمی ئەو نووسەرانە دەدەین کە خوێنەرانی ئێمە پێی ئاشنا نین، یان دەکرێت نووسەرەکە کتێبشی کرابێت بە کوردی. بەڵام پەیک بە شێوازێکی جیاوازتر ئەم کارە دەکات. بۆ هەر کتبێکی کە لای ئێمەوە چاپ و بڵاو دەکرێتەوە، پێشتر مافی مڵاوکردنەوەی بە کوردی لە دەزگای خاوەنمافی کتێبەکە یان خوودی نووسەرەکە وەردەگرین و دواتر کتێبەکە وەردەگێڕدرێت و کارە هونەرییەکانی دیکەی دەکرێت. کتێبەکە لە پێگە و ماڵپەڕی خاوەنمافدا بە زمانی کوردی ئاماژەی پێدەکرێت. دواتریش چەند کۆپییەک لە چاپی کوردیی کتێبەکانیان بۆ دەنێردرێت و لە ئەرشیفی خۆیاندا هەڵی دەگرن. هەروەها تەواوی کتێبەکانمان ژمارەی ستانداردی جیهانی بۆ کتێب ISBNـیان بۆ وەردەگیرێت. دوای چاپکردنی یەکەم سێ کتێبمان، «ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان»ی فیلیب کلۆودێل، «لەبارەی ئابوورییەوە بۆ کچەکەم دەدەوێم؛ کورتەیەک لە مێژووی سەرمایەداری» و «لەناکاو لە دەرگا دەدرێت»ی ئێتگار کێرێت، سەرقاڵی وەرگرتنی مافی وەرگێڕانی چەند کتێبیکی دیکەین و لە داهاتوودا ڕایاندەگەیەنن، یەکێک لەوانە کە کارەکانی تەواو بووە، ڕۆمانە تایبەتەکەی کارلۆس رویز زافۆنە، مارینا.
خوێنەرانى تۆڕى هەواڵى ژیان دەتوانن لەم لینکەدا بینەرى کورتە فیلمێک بن بە ژێرنووسى کوردى کە لە یەکێک لە چیرۆکەکانى (ئێتگار کێرێت)ەوە وەرگیراوە.
|