سەربازانی ئەمریکا بازاڕێکیان بۆ ساغکردنەوەی گۆشتی بەراز لە کوەیت دروستکردووە

20/12/2020
فۆتۆ: 

سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، لێکۆڵینەوە دەکات لە تێوەگلانی ژمارەیەک لە هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە دروستکردنی بازاڕێکی رەش بۆ ساغکردنەوەی گۆشتی بەراز لە دەوڵەتی کوەیت، ئەوەش پێشێلکارییە لە یاسا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە.

"گریس گرای" وتەبێژی سەرکردایەتی لێکۆڵینەوەی تاوانی سەر بە سوپای ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی  (Task & Purpose ) تایبەت بە هەواڵی سەربازەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، نوێنەرانی تایبەتی سەرکردایەتی سوپا لیکۆڵینەوەیەکیان دەستپێکردووە، سەبارەت بەو هەواڵانەی کە باس لەوە دەکەن، هەندێک لە سەربازەکانی ئەمریکا تۆڕێکی نایاساییان دروستکردووە، بۆ بەقاچاغ بردنی گۆشتی بەراز.

ئاماژەی بەوەشکرد، لێکۆڵینەوەکان تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام ناتوانێت زانیاری لەوە زیاتر ئاشکرا بکات، بۆ ئەوەی پارێزگاری بکرێت لە نەزاهەتی لێکۆڵینەوەکان.

ئەو لێدوانەی سوپای ئەمریکا لە کاتێکدایە، چالاکانی مەدەنی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییەکان وێنەی ڕاسپاردەیەکی لە سەرکردایەتی سەربازییەوە بڵاوکردووەتەوە، ئاماژە دەکات بە ڕاگرتنی فرۆشتنی گۆشتی بەراز و بەرهەکانی لەو کۆگایانەی تایبەتن بەسەربازگەکانی سوپای ئەمریکا لە کوەیت، دوای ئەوەی ئاشکرابووە تۆڕێگی نایاسایی هەستاون بە قاچاغبردنی گۆشتی بەراز و فڕۆشتنەوەی لە دەرەوەی سەربازگەکان.

ڕاسپاردەیەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بەرهەمەکانی گۆشتی بەراز کە بەهاکەی ٣٠ دۆلار بووە، دووبارە لە دەرەوەی سەربازگەکان فرۆشراوەتەوە بە بەهای ٢٠٠ دۆلار، ڕوونیشکردووەتەوە سزای بە قاچاغ بردن و فرۆشتنی گۆشتی بەراز لە کوەیت زیندانی هەتا هەتاییە، بەڵام لە راستیدا ماوەی مانەوەی ئەو کەسانە لە زیندان لە نێوان ٣ مانگ بۆ ٣ ساڵ دەبێت.