بەریتانیا بە ئاشکراکردنی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا جیهان شۆک دەکات

20/12/2020
فۆتۆ: 

مات کوک وەزیری تەندروستی بەریتانیا ڕایگەیاند، جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە بەریتانیا بڵاوبووەتەوە و کۆنترۆڵکردنی لە دەست دەرچووە.

وەزیری تەندروستی بەریتانیا بە میدیاکانی ڕاگەیاندوە، کۆنترۆڵکردنی ئەو ڤایرۆسە نوێیە قورس دەبێت، بەر لەوەی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لەسەرئاستێکی فراوان دابەش بکرێت.

هانکوک ئاماژەی بەوەشکرد، دەیانەوێت سنورێک بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە نوێەی کۆرۆنا دابنێن، ئەویش لەڕێگەی سنوردارکردن و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتییەوە.

وەزیری تەندروستی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پلانیان هەیە بۆ کوتانی یەک ملیۆن کەس، دووبارە سەپاندنەوەی قەدەغەی هاتووچۆ و مانەوە لەماڵەوە بەسەر ناوچەکانی لەندەن و باشوری خۆرهەڵاتی ئینگلتەرادا.

پێشتر ڕۆژنامەی تەلگرافی بەریتانی ئاماژەی بەوەکردبوو، بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لێپرسراوانی حکومەتی بانگهێشتی گفتوگۆیەک کردبوو، بۆ تاوتوێکردنی  رێگەچارەکانی کۆنترۆڵکردنی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە بەوە ناسراوە زۆر بە ئاسانی توانای بڵاوبوونەوەی هەیە.

لە ئەمڕۆشەوە بە بڕیاری سەرۆک وەزیران، دانیشتوانی لەندەن و باشوری خۆرهەڵاتی ئینگلتەرە ناچار دەکرێن لە ماڵەکانیان بمێننەوە.

ئەو ڕێوشوێنە نوێیانەی حکومەتی بەریتانیا لە کاتێکدایە، زاناکان ڕایانگەیاند، جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنایان ئاشکرا کردووە، کە زۆر بە ئاسانی بڵاودەبێتەوە و توانای ئەوەی هەیە لە ٧٠% لە ڤایرۆسەکەی پێش خۆی خێراتر بڵاوببێتەوە.

ئەمڕۆش رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرایکرد جۆرێکی نوێی کۆرۆنا لە چوار وڵات بڵاوبوەتەوە .

رێکخراوەکە لە بەیانامەیەکدا ڕایگەیاند ڤایرۆسە نوێ یەکە، لە هەریەکە لە بەریتانیا  و هۆڵەندا و دانیمارک بڵاوبووەتەوە و یەک حاڵەتیش لە ئوسترالیا تۆمارکراوە.