پەرلەمانی ئێران کاندیدبوونی فەرماندە سەربازییەکانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەسەندکرد

20/12/2020
فۆتۆ: 
تاران

پەرلەمانی ئێران بۆ تاوتوێکردنی یاسای هەڵبژادنی سەرۆک کۆماریی وڵاتەکەی کۆبووەوە و بە زۆرینەی دەنگ خۆکاندیدکردنی فەرماندە سەربازییەکانی، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەسەندکرد.

بەپێی یەکێک لە بەندەکانی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئێران کە مەرجەکانی بەربژێرەکان دیاری دەکات، فەرماندە باڵاکانی هێزە چەکدارەکان، کە چوار ساڵ پێشینەی کارییان هەبێت، دەتوانن خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئێران کاندید بکەن.

غولامڕەزا نوری قەزلجە، نوێنەری بۆستان ئاوا لە ئەنجومەنی شورای ئیسلامی ئێران، پێشنیازی کردبوو خۆکاندیدکردنی فەرماندە سەربازییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی قەدەغە بکرێت، بەڵام بەکۆی ٢٠٧ دەنگی نەخێر، لەبەرامبەر ٢٥ دەنگی بەڵێ و پێنج دەنگی سپی نوێنەرانی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی، پێشنیازەکە رەتکرایەوە.


لایەنگرانی ئەو پێشنیازە پێیانوایە، فەرماندە سەربازییەکان دەسەڵاتێکیان هەیە کە لەدەست کەسانی دیکەدا نییە و بەشداریکردنیان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان، پێچەوانەی یەکێک لە بەندەکانی دەستوورە کە تیایدا هاتووە، "رێگەگرتن لە جیاوازی چینایەتی نابەجێ و دروستکردنی کەشێكی دادپەروانە بۆ هەمووان".

لەبەرامبەردا، دژبەرانی پێشنیازەکە دەڵێن، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە پێچەوانەی بەندێکی دیکەی دەستوورە کە دەڵێت، "یاسا پاڵپشت و پشتیوانی سەرجەم چین و توێژەکانی گەلی ئێرانە کە سەرجەم مافە ئینسانی و سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کلتورییەکانیان بەڕەچاوکردنی رێوشوێنە ئیسلامییەکان، هەیە".



پرسی بەشداریکردنی فەرماندە سەربازییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئێران، چەند مانگ پێش ئێستا هاتە ئاراوە کە دەنگۆی خۆکاندیدکردنی فەرماندەکانی ئێستا و پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران لە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو بڵاوکرایەوە.

حسێن دێهقان راوێژکاری سەربازی عەلی خامنەئی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی پێشووی سوپای پاسداران، بە فەرمی رایگەیاندووە خۆی بۆ هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو کاندید دەکات.

هاوکات کەسانێکی وەک محەمەد باقر قالیباف، عەلی لاریجانی، پەرویز فەتاح، مێهرداد بەزرپاش، موحسن رەزایی و سەعید محەمەد، کە سەرجەمیان ئەزمونیان لە سوپای پاسداران و پۆستە سەربازییەکاندا هەیە، ناویان لە لیستی بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتووی ئێران، دەبینرێت.