بەردەوامبوونی پەراوێزخستن

20/12/2020
فۆتۆ: 

قەیرانی بەها، کێشەی بنچینەیی ئینسان / سمکۆ محەمەد

لەمانای زاراوەکەوە دەست پێدەکەم کە بۆچی پەیوەندیی بە پەراوێزخستنەوە ھەیە، بەھا بەواتای قیم دێت بەعەرەبی، وشەیەکی لاتینییە بە بنەما فەلسەفیەکەی، لەریشەوە لەوشەی بنەما رەفتارییەکانەوە ھاتووە کە کۆمەڵگە وەکو پێوەر کاری پێدەکات، واتە بەپێی ئەو تەرازووەی بۆ دیاردە و شتەکانی داناوە و بەوەش ئینسان ھەڵدەسەنگێنێ، ھەڵبەت پێوەرەکەش بەپێی ئەو بنەمایانەی کە بەھەند وەرگیراون، یان بە لاگیری و یان بە عەقڵی کۆمەڵ نوێنەرایەتی کراون، بەپێچەوانەوە یان ئەوی تر پەراوێزدەخات و یان خۆی پەراوێزدەخات.  

لەنێوان بەھای ئینسانی و بەھای باڵا کە چەند پێناسەیەکی ھەیە، شتێک نەماوە ناوی بەھای ئینسانی بێت، بەڵام کە دەردەشە لەسەر نموونەی باڵای ئیدیۆلۆژییەکان دەکرێ، ھێڵێکی سوور دیاری دەکرێت و وەکو موقەدەس تەماشا دەکرێ، ئەمە سەرەتای نەمانی بەھای ئینسانی یە، لەبەرامبەردا سەرھەڵدانی بەھایەکی دیکەی پیرۆز، چونکە ئەم ئینسانە درووستکراوەی ئێستا بەبێ خوداوەندی خۆی و بەبێ نموونەی باڵای خۆی ناتوانێ قسە بکات و ناتوانێ وڵامی پرسیارەکانی خودا و ھەقیقەت و چاکەکاری بداتەوە و لەپەنایدا بژی، ئەم دۆخە درووستکراوە کە سەنتەرێکی بۆ بەھا داناوە، تاکو ھەموو شتەکانی تر ە ئینسانیشەوە لەکەنار ئەودا بووەستن، ھێزێکی باڵایە کە تەکنۆلۆژیایە و بۆ نەھێشتنی ئیرادە و بەھاری ئیرادەگەرێتییە، بۆیە ناتوانێ رەخنەی لێبگرێ، لەباشترین حاڵەتیشدا کە رەخنە دەگرێت لە کواڵیتی دەیگرێ، نەک لەو ھێزە باڵایەی کە ئاراستەی دەکات. 

ھەڵبەت وەکو باسم کرد لەدەرەوەی بەھای باڵا، شتێکی دیکەی ھاوچەرخ ھەیە، ئەویش تەکنۆلۆژیایە کە مەودایەکی خستە نێوان کێشە و پێویستییە دیارەکان، ئەمەش دوای ئەوەھات کە عەقلانییەت گرینگی بەم ستایڵە بەھایەدا، ھەروەھا گرینگی ئەم گۆڕانەش بە پلەیەک کە نەیھێشت و دژی ھەموو ئاڵۆگۆڕێکی ریشەیی بووەوە کە دواجار ئاراستەشی گۆڕی، ئەم دۆخە کارێکی کرد کە ئەم چەرخەی ئێستا داوا بکات بگەڕێتەوە بۆ تواناکانی ئینسان بە سرووشتی خۆی، بەڵام بە کەرەستەگەلێک کە دیسان بەرھەمی تەکنۆلۆژیا و عەقلانیەت بوو، رێگەی نەداو نموونەیەکی دیکەی باڵای تەکنۆلۆژی خوڵقاند، بۆیە سەرەنجام ئەو بەھایانەی نەھێشت کە ئینسان وەکو مەرجی ژیانی شایستە تەماشای دەکرد، سەرەنجام پەراوێزخستنی ھەر نەتەوە و کولتوور و رۆشنبیرییەک لەئەنجامی نەھێشتنی ئەو بەھایانەوە سەریھەڵدا.  

تاکو ئەوکاتەی ئینسان نەبووبوو بە سەنتەری دەسەڵات لەسەر زەوی و خۆی لێنەگۆڕابوو، بەشێک لەو بەھایانە مابوون کە دڵنەواییان دەدایەوە، یان وڵامێک بوون بۆ قەیرانە سرووشتی و ناسرووشتیەکان، دواتر کەوتە ئەو شوێنەوە کە گوایە ھۆشیاری ئامانجە سەرەکییەکەیە بۆ بەسەنتەر بوونی، بەڵام دەرکەوت کە جوانکردنی ھۆشیاری لەگەڵ خودی ھۆشیاری موزەیەف جیاوازی ھەیە، بەو مانایەی کە ویژدانێک بخوڵقێنێ بەختەوەر بوو بەو یەکسانیەی کۆمەڵگەکان کە تائێستاش بەخۆیەوە نەیبینیوە، ئەمەش لە پێناو بزرکردنی خودی ھۆشیاری بوو کە بەمانا فراوانەکەی نەمانی بەھابوو، لەبەرامبەریشدا ناوھێنانی بۆ سەرھەڵدانی بەدیارخستنی فکر و وجوود و ھەلپەرستی خودی بوو، ئەمەش وای کرد کە نێوانگیرییەکان لەنێوان شعور و بێ شعووری بەردەوام نەمێنێ". ھربرت مارکوز. الانسان ژو البعد الواحد. ترجمە. جورج گرابیشی. دار الاداب ل١١٢. ئەمەش ویژدانی لە ماندووبوون و مەترسییەکان دوورخستەوە، ھەروەھا رۆشنبیری گەلانیشی ھەڵمژی کە بووە ھۆی ھەژاری و گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگەی پیشەسازی بێ پیشەیی سرووشتی کە ئەمە بە لوغزی ھەوڵەکە دادەنرێ، ئەمە پەراوێزێکە لەو پەراوێخستنەی کە ستراتیژ بوو نەک تەکتیک. 

نیچە لە کتێبی ئاوابوونی بتەکاندا ئەو ئیرادەیە دابەشی سەر رەوشت و توانای ھۆشیاری کرد، ھەروەھا پێیوایە نەخۆش و لێدراوەکان، "وەھنی بەھایی بۆ نوێخوازی لە رەوشت و ھونەر و دین و زانست و مەعریفەدا ھەیە، یان لە لەنێوان تێکچوونی جەستەیی و ئەخلاقیدا ھەیە، ئەمە ھیچ جیاوازییەکی نییە لەنێوان کەسێک رەوشتی نییە و کەسێکی تر لەرووی فیسیۆلۆژییەوە کەمئەندامە، ئەوەش بەسەر چینەکاندا دابەشدەکات، لەکاتێکدا ئینسان ھەوڵی ئەوە دەدات کە لەھەموو رووداوێک مانایەک یان ئەزموونێک بدۆزێتەوە، کەچی ئەو مانایە بەھۆی نەبوونی ئیرادەوە نائامادەیە و ھیچ ئامانجێکی نییە، بۆیە ئینسان بەتەنھا دەمێنێتەوە لەو ژیانەی کە ھیچ بەھایەکی تیانییە، بەردەوام بوونی جیھانیش بەبێ بەھا و بێ مانا و بێ ئامانج، خراپترین حاڵەتە لە نەبوونی بەھا".  جمال مفرج. ازمە القیم من المازق اخاقلاقیات الی جمالیات الوجود. دار العربیە للعلوم الناشرون. منشورات الاختلاف ێ٤٤.    
 
 کەچی جیل دۆلۆز سەبارەت بەنیچە پێی وایە ئیرادەی ھێز لەباڵاھاتن و بەدوایەکداھاتنە لە رەگەزی بەرھەمھێنانی جیاوازی چەندێتی و رەگەزی بەرھەمھێنانی جیاوازی چۆنیەتی، لەنێوان ھەردوکیاندا یەکێکیان باڵادەست دەبێت و ئەویتر ژێردەست، بەوپێیەی کە چالاکی ھەرکامیان لەنێوان ئەرێنی و نەرێنیدایە، ھەر لەوێشدا دۆلۆز ئەوە شیدەکاتەوە کە بۆچی ئەو پرسیارانە بەردەوام دەبن و یەکێکیان دەکات بەچالاک و ئەویتر ناچالاک. لێرەوە مانای بەھای نوێ رەخنەی لێدەگیرێ، چونکە زاراوەگەلی دادپەرەوەی و ئیستاتیکا و چاکەکاری لەبارەی بکەری نوێیەوە دەستپێدەکات، لەکاتێکدا ھیچ کام لەو زاراوانە بەمانا بەھایەکەی کاری پێنەکراوە، بگرە قڵپ کراونەتەوە و کۆتاییان بە ھەقیقەتی بەرەھەندە ئیرادەییەکەی ھێناوە، ئەویش ئەوکاتە دەردەکەوێت کە ئیرادە پوچ بۆتەوە و لەبری ئیرادە قۆستنەوەی ھەلومەرجەکانە. 

بەھا شتێکی نەبینراوە چ لەلای کەسی خوێنەوار و چ لەلای کەسی نەخوێنەوار، بەڵکو شتێکە پەیوەندیی بە ئیدراکی ھەستەکییەوە ھەیە، ئەگەر کەسێک لەھەر پلەو پایەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینی و ھتد بێ، ھەست نەکات شتەکان بەھایان لەدەستچووە، ھەست ناکات ژیان چ ئاراستەیەکی وەرگرتووە و چارەنووسی ئینسان بەرەو کوێ مل دەنێ، بۆیە کە نەخۆش دەکەوێ یان دەکەوێتە پلەیەکی خوارتر لە ئابوری و ژیانی کۆمەڵایەتی و ھەست دەکات مافی خوراوە، ئەوکات ھەست دەکات ئینسان دووچاری نەخۆشی بووە بەلەدەستدانی بەھا بۆ شتەکان و نەریتی ئینسانی. ئەمە لە قۆناغەکانی رابردووی مێژووش دووبارە بۆتەوە و ئەزموون کراوە، بەڵام ئەزموونەکە جیاوازیی ھەیە  "فەلسەفە لەسەردەمی رۆشنگەریدا لە رۆژئاوا، رقێکی ھێنایە کایەوە کە بانگەوازی بۆ دەکرد لەرێگەی دژە سیستمی کەنیساوە، ئەو جەنگەی لەنێوان بانگەشەی ئازادی و تاکگەرایی و مەزھەب و شوناس، تائێستا کە ٢٠٠ ساڵە بەردەوامی ھەیە، ئەم فەلسەفەیە پێیوایە ھەموو ئینسانێک لەتەواوی دونیا ئایین پەروەرە، بۆیە ئینسان دەتوانێ سەربەخۆیی خۆی رابگەێنێت لە ئایین، ھەروەھا بەتەنھا بژی، بەڵام پێچەوانەکەی راست بوو، چونکە ئەوەی ئینسانی ترساند (ئایین و نەریتی ئایینی) بوو لەناو سەنتەری ئایینەکاندا ھەم لە پەرستاگاکان و ھەم لەنێو کۆمەڵگە خۆی کە گوتاری ئایین بەسەریدا زاڵ بوو،، ھەروەھا لەھەموو کارو کردەوەکانی رۆژانە رەنگیدابۆوە، جیاوازی بچینەیی نێوان تیۆری رۆشنگەری و تیۆری ئوسوڵی لە دونیادا، ئەوەیە کە یەکەمیان جەخت لە ھاوبەشی دەکات لەنێوان ھەموو بەشەرییەتدا، ھەروەھا تاکو بەرقەرار بوونی یاسا و دەستوور تاکو ئەرک و ماف دیاری دەکات، ئینسانیش بەگشتی بەبێ لەبەرچاوگرتنی رەگەز و نەژاد و زمان و رەنگ و چین و ھتد بێ منەت دەبێ بەرامبەر ئەو سەنتەرە ئایینایانە، ھەروەھا ئەویتر جەختی لەسەر تایبەتمەندێتی رەسەنایەتی و ئایینی و زمانەوانی و ھتد دەکات، بۆ ئەوەی کێشە مەزھەبی و ئایینی و نەتەوەییەکان بەردەوام بن" حسن العودات. النھچە و الحداپە، بین الارتباک و الاخفاق. دار الساقی. بیروت لندن. سنە ٢٠١١. ێ٥١. ئەمەش بەپێی قسەی داریوش شایگان بێ ( بەھای رۆشنگەری بۆخۆی بەھایەکی کەونییە، ناتوانێ لە نێو مافە ئیسلامییەکان و مافەکانی ھیندۆسییەکان و مافە کۆنفۆشیەکان ھەبێ، بەڵکو لە نێو مافە کەونییەکاندا ھەیە، مافیش بەسەر ھەمو ئینسانێکدا پراکتیک دەبێ لەھەر شوێنێک بێ، بۆیە ئەمە نەیتوانێ تایبەتمەندێتی رۆشنبیری و ھۆشیاری ئەوانی تر، بۆ نموونە گواستنەوەی ئاسی بوون، بۆ بە ئوسوڵی بوون و توندڕەوی، کەواتە با رۆشنگەری ھەر لەو بڕوایەدا بووبێت کە ئینسان جەوھەری دونیایە و سەنتەری درووستکەری چارەنووسە، بەڵام دەرکەوت کە ھەڵچوونەکانی ھێزێکی ترسناکترە لە تۆفان و توڕەبوونی سرووشت، بۆیە لێرەدا ئینسان نازانێ چارەنووسی خۆی بپارێزێ، کاتێک کە لەژێر کاریگەری ئایین و کولتوور توڕە دەبێ، ئەوەی کە ئێستا دەبینرێت و ھەستی پێدەکرێ لە ئاستی سیاسی و ئابوری و تەندروستیدا لەھەموو جیھان، ئەو جیاوازیەیە کە نەیتوانێ ئینسان بەیەک ئاراستەدا ببات، ئەمە ترۆپکی بابەتی پشتگوێ خستنی بەھایە لەلای ئینسان، ھەر ئەم پشتگوێ خستنەش بوو رێگەی لەوەگرت خۆی خۆی پەراوێز بخات.