شۆڕشێک سینەما دادەخات
کاتێک سینەماکارە فەڕەنسیەکان ڤیستیڤاڵی "کان"یان ڕاگرت
بەشی چوارەم و کۆتایی
ڕیچارد، ت، کیڵی
وەرگێڕانى: بەرزان
گۆدارد لەنێو ورتەورتی ئامادەبواندا سوربو لەسەرئەوەی چارەسەری ڕوداوەکان بە بەردەوامی یاخود ڕاگرتنی پەخشکردنی فیلمەکان نیە ، بەڵکو پێویستە سینەماش هاوبەشی خۆی پێشان بدات لەپاڵ ئەو جوڵەیەی فێرخوازان ، تاکە شتێک کاری لەسەربکرێت و دوپاتبکرێتەوە دەستبەجێ ڕاگرتنی تەواوی نمایشەکانە ، لەلایەکی تردا گۆدارد توڕە و بێزاربوو لەبێ بەختی سینەما و ئەوانەی دژی گۆداردن .
گۆدارد لەنێو شۆڕشی توڕەیی فێرخوازاندا ناڵەی لێبەرزەوەبوو و هاواریکرد و ووتی : ئێوە دەربارەی یەکڕیزی دەکەن لەگەڵ فێرخوازان ، لەکاتێکدا گفتوگۆ دەربارەی گرتەی جوڵاوی ترافلینگ و کلۆز ئاپ دەکەن ، ئێوە خوێڕین .
ئەوانەی تەماشای گۆداردیان دەکرد ئەوساتەیان بەلاوە سەیربوو ، گۆدارد پاش کۆتایی قسەکانی هاتە دواوەو ، ترۆفۆ بەڕوخسارێکی خەماوەیە لەتەنیشتیەوە وەستابوو .
کارەکان بەجۆرێک دەستیانپێکرد وەک بڵێی هیرشەکانی گۆدارد بۆسەر ڤیستیڤاڵەکە پاشەکشەیەک بێت لەهەڵوێست و مەبدەئە سینەماییەکانی کەخۆی و ترۆفۆ بڕوایان پێبوو ، هەڵویستێک وەکو عاشقی سینەما ، دەتوانیت بڵێین ئەوەی لەوساتانەدا ڕوویدا ئەوەبوو گۆدارد خۆی بێبەری کرد لەهەوڵوێستە کۆنەکەی وەکو موریدێکی سینەما و گۆڕینەوەی بەهەڵوێستێکی سیاسی ڕادیکاڵی ، وەک چۆن لەو ساڵانەی دواییدا هیچ فیلمێکی بازرگانی بەرهەم نەهێنابوو ، ئەو هەڵوێستەشی وایکرد پەیوەندی لەگەڵ ترۆفۆدا بپجڕێنێت کە بەجۆرێک پیاهەڵدانی بۆ گۆدارد کردبوو قابیلی ئاشتبوونەوە نەبوو پاش ئەوەی دەربارەی گۆدارد وتبووی : ئەو تێکۆشەری ڕێچکەی ئۆرسۆلا ئەندرۆزە !
هەوڵەکان بەردەوام بوون بۆداخستنی ڤیستیڤاڵەکە ،
لەکاتی داگیرکردنی هۆڵە گەورەکە ساتێکی بەنرخ ڕوویدا ، کاتێک هاواری ئامادەبوان بەرزەوەبوو داوای پەخشکردنی فیلمی " نەعنای سارد"ی دەرهێنەر کارلۆس ساورایان دەکرد لەنواندنی جیراڵدین چاپلن ، ئەمەش سەرەڕای ئەوەبوو ساورا فیلمەکەی لەڤیستیڤاڵەکە کشاندبۆوە ، پاش ئەوەی ڕوناکیەکان کوژانەوە بۆئاگادارکردنەوەی پەخشیکردنی فیلمەکە ، شۆڕشگێرەکان سەرکەوتنە سەر ستەیجەکە بۆئەوەی هەرکارێکیان لەدەست بێت ئەنجامی بدەن .
بەیارمەتی دەرهێنەر و ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە ، هەمووان پەردەکەیان توند گرتبوو بۆڕێگەگرتن لەپەخشکردنی فیلمەکە هەتا بینەران نەیبینن لەسەر شاشەکە ، ئەوساتانە شەڕێکی توندوتیژی لێکەوتەوە ، گۆدارد سەری بریندار بوو و چاویلەکەکەی کەوتە سەرزەوی ، وە یەکێک لە ئامادەبووان پەلاماری ترۆفۆیدا و کەوت بەسەر زەویدا ، پاشان ڕوناکیەکانیان هەڵکرد و فاڤەر لۆبریە سەرۆکی ڤیستیڤاڵەکە بەیاننامەی دووەمی بڵاوکردەوە تێیدا پەخشکردنی فیلمەکانی پاش نیوەڕۆ و شەوی هەڵوەشاندەوە .
لەوکاتەدا کارەکان گەیشتنە کۆتا ئاستی تەنگوچەڵەمەکە . پۆلیسی نهێنی بە فافر لۆبرێیان ڕاگەیاند : چیتر ناتوانن هیچ شتێک بکەن بۆ ڕێگەگرتنی بەلێشاوی ستافی فیلمسازانی فەڕەنسی بۆ ڤیستیڤاڵی کان ، لەوکاتەدا فافر لۆبریە بڕیاریدا لەسەر ستەیجەکە دەست لەکار بکێشێتەوە بەهۆی ئەو ئاژاوەیەی دروستببو ، پاش ئەوە داوای لە سەرۆک شارەوانی شاری کان کرد بۆئەوە دەسەڵاتەی پێیبەخشراوە بەکاربهێنێ لەپێناو چۆڵکردنی کۆشکی ڤیستیڤاڵەکە لەلاهەم خۆپیشاندەرانەوە ، بەڵام خۆپیشاندەران و فێرخوازان ڕەتیانکردەوە هۆڵەکە چۆڵیکەن ، بۆ پاشنیوەڕۆی یەکشەم 19ی مەی 1968 فافر لۆبریە بڕیاری ڕاگرتنی ڤیستیڤاڵی کانی دەرکرد ، ئەوچرکەساتە بۆیە چرکەساتێکی مەزن .
لویس مال دەربارەی ساڵی 1968 ووتی : دەستبەجێ هەموو شتێک لەشار ڕاوەستا ، خەڵکی بیریان لەژیان و ئەوکۆمەڵگەیە دەکردەوە کەتێیدا دەژین ، بیریان لەئەگەرەکانی چارەسەرکردنی دۆخەکە دەکردەوە ، کاتێک هەموو شتێک کۆتایی پێهات بیرمکردەوە ووتم : " پێویستە ڕووداوەکانی مایۆی 1968 ببێتە دامەزراوەیەک ، پێویستە مایۆی 1968 هەموو چوارساڵ جارێک یادبکرێتەوە ، چونکە ئەوڕوداوە لەخولی ئۆڵمپیاتی وەرزشی گونجاوترە بۆ پاکژبوونەوە ".
|