لیژنەی ئابوری پەرلەمان: ئاراستەیەک هەیە لە پەرلەمان نرخی دۆلار بهێنرێتەوە دۆخی پێشتری

21/12/2020
فۆتۆ: 

لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنانی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئاڕاستەیەک هەیە لە پەرلەمان، بۆ گێڕانەوەی نرخی دۆلار بۆ دۆخی سروشتی خۆی، چونکە بەرزبوونەوەی نرخەکەی زیانی بە چینی هەژار گەیاندووە.

فەلاح خەفاجی ئەندامی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەوان وەک ئەندامانی پەرلەمان ئاراستەی کاریان بەرە و ئەوەیە کە نرخی دینار لە بەرامبەر دۆلار بگێڕنەوە بۆ ١٢٠ هەزار یان کەمێک زیاتر.

ئاماژەی بەوەشکردووە، زیادبوونی نرخی فرۆشتنی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراق، تەنها چینی هەژار و دەستکورتی تیا کراوەتە ئامانج، چونکە هەر ئەوان زیانیان پێگەیشتووە لەو بەرزبوونەوەیە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان ڕوونیکردووەتەوە، بەهۆی ئەو دۆخەوە نرخی کەلوپەلە خۆراکییەکان بەرز بووەتەوە، کاریگەریی لەسەر نرخی هەموو شتەکانی دیکەش کردووە، ئەوە هەموو بە خراپ شکاوەتەوە بەسەر چینی هەژار و کەمدەرامەتی کۆمەڵگەدا.