کۆنگرێسی ئەمریکا ٩٠٠ ملیار دۆلاری تەرخانکرد بۆ زیانلێکەوتووانی کۆرۆنا

21/12/2020
فۆتۆ: 

کۆنگرێسی ئەمریکا ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر بودجەیەکی ٩٠٠ ملیار دۆلاری بۆ هاوکاریکردنی ملیۆنان هاوڵاتی ئەمریکی کە بەهۆی کۆرۆناوە زیانیان پێگەیشتووە.

ئەو کۆمەک و هاوکارییە تەرخان دەکرێت بۆ هاوکاری لە دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا و خزمەتکردنی لۆجستی، هەروەها بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی کۆرۆناوە کارەکانیان لەدەستداوە هەفتانە  ٣٠٠ دۆلار.

ئەو ڕەزامەندییەی کۆنگرێسیش دوای چەند مانگێک لە گفتوگۆ و ناکۆکی حزبی دێت لە نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکان، بەڵام لە چرکەساتی کۆتاییدا یاسادانەرانی ئەمریکا گەیشتە ڕێککەوتن و یاساکەیان پەسەند کرد.

میتچ ماکونیل سەرۆکی زۆرینەی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیرا ن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ڕێکەوتین لەسەر کۆمەکێکی دارایی بە بەهای ٩٠٠ ملیار دۆلار، بە مەبەستی هاوکاریکردنی ئەمریکییەکان.

نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کە لە دیموکراتییەکانە ڕایگەیاند، لەگەل چاک شومەر سەرۆکی کەمینە لە ئەنجومەنی پیران، لەگەڵ کۆمارییەکان و کۆشکی سپی ڕێککەوتوون، سەبارەت بە دابینکردنی پارەی پێویست بەشێوەیەکی بەپەلە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی ئەمریکییەکان، کە بەهۆی کۆرۆناوە ژیان و گوزەرانیان زیانی پێگەیشتووە.

پیلۆسی و شومەر لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایاگەیاند، کۆمەکە داراییەکە ٢٥ ملیار دۆلاری دیکەش دەگرێتەوە، بۆ هاوکاری شوێنی نیشتەجێبوون، بۆ ئەوەی پرۆسەیە چۆڵکردن لەم کاتەدا ڕابگیرێت، هەروەها بڕی نزیکەی ١٠٠ ملیار  دۆلار بۆ هاوکاریکردنی قوتابخانە و سەنتەرەکانی چاودێری منداڵان، بۆ ئەوەی بکرێنەوە.

تەرخانکردنی ئەو بودجە زەبەلاحە بۆ هاوڵاتیانی ئەمریکا لە کاتێکدایە، ماوەی چەند هەفتەیەکە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانی گەورەی گیانی و ئابوری بە ئەمریکییەکان گەیاندووە، بەشێوەیەک ژمارەی ئەو کەسانە زیادبوون کە بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ئابوری ئەمریکاش ڕوبەڕوی گورزی کاریگەر بووەتەوە و ژمارەی ئەو کەسانەش کە بێکار بوون لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو ڕووی لە هەڵکشان کردووە.

تەرخانکردنی ئەو بودجەیە لە کاتێکدایە، بە ملیۆنان هاوڵاتی ئەمریکا بەهۆی نزیکبوونەوەی سەری ساڵەوە ئەگەری ئەوە هەبوو کۆمەکە داراییەکانی دەوڵەت لە دەست بدەن، هەروەها دەسەڵاتە فیدراڵییەکانیش ڕاگیر بۆ پرۆسەی چۆڵکردنی ماڵان بەو کەسانەی کە توانای دابینکردنی کرێی خانوویان نەبووە، هەروەها قەرزی ئەو خوێندکارانەی کە دەبوایە لە کۆتایی مانگدا بیدەن بە ناوەندەکانی خوێندن.

لە مانگی ئازاری ئەمساڵ و لەسەرەتای تەشەنەکردنی فایرۆسەکە لە ئەمریکا، کۆنگرێس ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر تەرخانکردنی بڕی ٢ تریلیۆن و ٢٠٠ ملیار دۆلار، بە مەبەستی پاراستنی ئابوری ئەمریکا لە هەرەسهێنان.