داڕمانی مەزن یان پێشکەوتنی ئابووری

22/12/2020
فۆتۆ: 

لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە، عەلی عەلاوی وەزیری دارایی لە زۆربەی چاوپێکەوتنەکان و کۆبوونەوەکانی حکومەت دەربارەی کیشە داراییەکانی باس لەوە دەکات بە جێبەجێکردنی وەرەقە یان کارنامەی سپی دەتوانین خۆمان دەرباز بکەین، چەند رۆژی رابردوو یەکەم هەنگاوی وەرەقە سپییەکەی جێبەجێکرد کە دابەزاندنی بەهای دینارە لە بەرامبەر بە دۆلار دا.


وەرەقەی سپی چییە؟

چەند مانگێک دوای دەستبەکاربوونی عەلی عەلاوی وەک وەزیری دارایی عێراق تیمێکی تایبەتی وەزارەتەکە کارنامەیەکی سپی 96 لاپەڕەییان بۆ حکومەت ئامادەکرد، ئەم کارنامەیە نیوەی دەربارەی ڕەگی کێشەکانە و نیوەکەی تریشی دەربارەی چارەسەرەکانە. 

بە چڕی پشت دەبەستێت بە  ڕاپۆرتی سندوقی دراوی  نێودەوڵەتی دەربارەی عێراق کە ساڵی رابردوو بڵاوکرایەوە مەبەستیش لە کارنامەکە خۆ گونجاندنە لەگەڵ ئەو قەیرانە داراییەی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت دروست بووە.

ئەم پلانەی حکومەتی عێراق دەیەوێت جێبەجێی بکات لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی وەک کۆمەڵە پلانێکی ئامادەکراو و هەروەها وەک کۆمەڵە مەرجێک بۆ ئەو وڵاتانەی کە دەیانەوێت قەرز لەو ڕێکخراوانە وەربگرن، بەکاریدەهێنێت. ئەم پلانانە خۆی لە بچوککردنەوەی حکومەت و خەرجییە گشتییەکان، دابەزینی بەهای دراوی ناوخۆ لە پێناو بوژانەوەی هەناردە و ئازادکردنی بازاڕ دەبینێتەوە.

سەردار عەزیز، پسپۆڕی دەوڵەت و حوکمداری  لەو بارەوە ئاماژە بەوە دەکات کە حکومەتی عێراقی هیچ بژاردەیەکی تری نییە قەرز نەبێت، ئەو پلانانەی دایناوە خێرا جێبەجێ نابێت .

ڕاپۆرتە 96 لاپەڕەییەکە چەند پایەیەکی هەیە: یەکەم، کەمکردنەوەی خەرجییەکانی  حکومەت، کەمکردنەوەی موچە، دانەمەزراندنی فەرمانبەری نوێ و هەوڵدان بۆ پێدانی هەموو کارەکان بە کەرتی تایبەت.
 
پایەی دووەمی راپۆرتەکە بریتییە لە  دابەزاندنی نرخی دینار. عەلاوی بڕوای وایە کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە عێراق بتوانێت کێبڕکێ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا بکات.

پایەی سێیەم، کۆتاییهێنانە بە هەموو پشتیوانییەکی دارایی لە بوارەکانی وزە و کارەبا.

بانکی نێودەوڵەتی و ئای ئێم ئێف هەمیشە دژ بە پشتیوانی حکومین بۆ هەر کاڵایەک چونکە لە ڕوانگەی بازاڕەوە  نابەرابەری دروست دەکات و ئەو داهاتەی حکومەت بە فیڕۆ دەچێت.
 
سەردار عەزیز پسپۆڕی دەوڵەت و حوکمداری، هەڵسەنگاندنێکی بۆ راپۆرتەکە کردووە و دەڵێت، ئەگەر لە پایە سەرەکییەکانی ڕاپۆرتەکە وردبینەوە دەبینین هەموو لە سودی حکومەت و بە قورسی لە سەر خەڵك دەکەوێت. ئەگەر لە ڕوانگەی حکومەتەوە لە دابەزاندنی بەهای دینار وردبینەوە ئەوا بێگومان هەنگاوێکی لۆجیکییە، چونکە حکومەت بە دۆلار نەوت دەفرۆشێت و کاتێک دۆلار نرخی بەرزدەبێتەوە بەرامبەر دینار ئەوا حکومەت دەبێتە خاوەن دیناری زیاتر. لە هەمانکاتدا حکومەت ئەو پشتیوانییەی کە بۆ دینار دەیکات دەیوەستێنێت. دیارە ئەو پشتیوانییە سەرچاوەیەکی گەندەڵی زۆر گەورەیە لە وڵاتدا.
 
زۆربەی شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەم هەنگاوە بە زیانی خەڵكە لە چەند ڕوویەکەوە: یەکەم، خەڵکی ئەو پارەیەی کە وەریدەگرن بەهای کەم دەکات، کەواتە ئەگەرچی  فەرمانبەران هەمان بڕ وەردەگرن، بەڵام بەپێی دابەزینی نرخی دینارەکە نرخەکەی کەم دەکات. دووەم، هەڵاوسان دروست دەبێت، سێیەم، توانای کڕینی خەڵکی کەم دەبێتەوە. چوارەم، ئەوانەی کە لە بازاڕدا کاردەکەن زەرەرمەند دەبن چونکە ئەو پارەیەی دەستیان دەکەوێت توانای کڕینی کەمترە.

مستەفا کازمی بەتەواوی پشتیوانی لە کارنامەکەی وەزارەتی دارایی دەکات،  پێیوایە عێراق لە ساڵی 2003وە بەدەست بونیادنانی هەڵەوە دەناڵێنێت، كە هەڕەشەی داڕووخانی تەواو لە سیستمی سیاسی و كۆمەڵایەتی دەكات.

لەبارەی چاکسازییەوە، کازمی دەڵێت "كارتی چاكسازی سپیمان كردووەتە بنەما، هەموو وڵاتانی پێشكەوتووی وەكو كۆریای باشوور، سەنگاپور و ئیمارات بڕیاری سەختیان داوە و بە هەنگاوی بوێرانە دەستیان پێكردووە، قەیرانی سیاسیش لە عێراق بە سێ پرسەوە بەندە، دەسەڵات، پارە و گەندەڵی. ئێمەش سەرەتا بە گرتنەبەری بڕیاری بوێرانە بۆ كەمكردنەوەی گەندەڵی كار لەسەر چارەسەركردنی قەیرانی ئابووری دەکەین.

بەوتەی كازمی، حكومەتەكەی دوو رێگەی لەبەردەمە، داڕووخان و پشێوی یان چاكسازیی تەواو و دەشڵێت "جێگەی قبوڵ نییە ملكەچی هاوكێشەی گەندەڵی پێشوو بین.

زۆربەی ئەوانەی ڕەخنەیان لە کارنامەکە هەیە وای دەبینن کە هەنگاوی تری زۆر هەیە کە حکومەت دەتوانێت بییانێت وەک نەهێشتنی بندیوار، چەند موچەیی، کەمکردنەوەی خەرجیەکانی کەرتی بەرگریی و ئاسایش. لە هەردوو کوردستان و عێراقیش بڕی زۆری داهاتی وڵات دەچێت بۆ کەرتی چەکداریی. ئەم کەرتە نەک هەر نابێتە هۆکاری بوژانەوەی ئابوری بەڵکو ڕێگرە لەوەی کە حکومەت بتوانێت بە ئاسانی کار لە سەر گەشەکردن بکات.

سەرباری ئەوەش رەخنەگران جەخت لەوە دەکەنەوە کەرتی چەکداریی نەبوەتە هۆکاری هاتنە ئارای ئاسایش لە عێراقدا.

بەهانەیەکی تر بۆ ئەم هەنگاوە دەهێنرێتەوە ئەوەیە کە دەتوانرێت کێبڕکێی کاڵای وڵاتانی دراوسێ بکرێت، راستییەکەی ئەوەیە هەردوو ئێران و تورکیا نرخی دراویان بە ئاستێک نزمە بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت کێبڕکێیان لە گەڵدا بکرێت.