ڕوسیا.. هەر پەرلەمانتارێک ڕەگەزنامەی تری هەبێت مافی ئەندامیەتی لەدەست دەدات

22/12/2020
فۆتۆ: 

ڤلادیمێر پۆتین سەرۆکی ڕوسیا ئەمڕۆ ئیمزای لەسەر یاسایەک کردووە، ڕێگری دەکات لەوەی پەرلەمانتار خاوەنی ڕەگەزنامەی وڵاتێکی تر بێت.

بە گوێرەی بڕیارەکە دەسەڵاتی پەرلەمانتار کۆتایی پێ دەهێنرێت، ئەگەر هاتوو بەر لە کۆتایی ماوەی ئەندامێتییەکەی ئاشکرا بوو خاوەنی ڕەگەزنامەی وڵاتێکی دیکەیە.

بەگوێرەی ئەو یاسا فیدراڵیەی نوێیە، کە لەسەر ماڵپەڕی تایبەت بە زانیارییە فەرمییە یاساییەکانی ڕوسیا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، ماوەی ئەندامیەتی و دەسەڵاتی پەرلەمانتار تەواو دەبێت، ئەگەر هاتوو ملکەچی مەرجی مانەوە نەبێت لەناو خاکی ڕوسیا لەو ماوەیەی کە بۆ ئەندامیەتی پەرلەمانتارییەکەی دیاریکراوە.

هەر بە گوێرەی ئەو یاسا نوێیەی فیدراڵی کە پوتین ئیمزای کردووە، هەموو ئەندامێکی دۆما (پەرلەمان) یان ئەنجومەنی فیدراڵی ڕوسیا، مافی ئەندامیەتی خۆی لەدەست دەدات، ئەگەر هاتوو ئاشکرا بوو، خاوەنی ژمارە بانکی یان پارەی دانراوە لە بانکەکانی دەرەوە.