جەلاتینی بەراز مەترسی دروستکردووە وەرگرتنی ڤاکسنی کۆرۆنا ڕەتبکرێتەوە

22/12/2020
فۆتۆ: 

لە سایەی پێشبڕکێی نێوان کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دروستکردنی دەرمان لە خۆرئاوا، بۆ بەرهەمهێنانی فاکسینی کۆرۆنا، هەندێک ترسی ئەوەیان هەیە موسڵمان و جولەکەکان وەرگرتنی ڤاکسینەکەی ڕەتبکەنەوە، بە بیانووی ئەوەی هەندێک لە پێکهاتەکانی لە ئاژەڵی بەراز دەرهێنراوە.

هەریەکە لە ئاینی ئیسلام و جولەکە خواردنی گۆشتی بەراز و بەرهەمەکانیان قەدەغە و حەرام کردووە، بۆیە هەندێک لە کۆمەڵگە موسڵمان و جولەکەکان ڕوویانکردووەتە، جێگرەوەی دیکە لەبری مادەی (جەلاتینی بەراز) کە زۆرێک لە ڤاکسینەکان پشتی پێ دەبەستتن.

بەو هۆیەشەوە پێدەچێت بەهۆی بوونی جەلاتینی بەرازەوە، ڕەتکردنەوەی وەرگرتنی ڤاکسینەکە لە لایەن ئەو موسڵمان و جولەکانەی کە پابەندی دینەکەیان، ببێتە بەربەست و ڕێگرییەک بۆ هەوڵەکانی کوتانی خەڵک بە فاکسینەکە.

مادەی جەلاتین کە لە بەراز دەردەهێنرێت، بە پێویست دەزانرێت بۆ دڵنیایی لە بەردەوامی کاریگەریی ڤاکسینەکە لە کاتی گواستنەوە هەڵگرتنیدا، جگە لەوەش زۆر بڵاوە لە پیشەسازییەکانی پزیشکی و خۆراک، بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە بەرهەمەکان لە پلەی گەرمی و وشکی و لە کۆتایدا درێژکردنەوەی تەمەنی خەمڵێنراو.

ئاژانسی هەواڵی ئەستۆشیتەدپرێس لە زاری (سەمان وەقار) ئەمینداری گشتی کۆمەڵەی (بریتش ئیسلامیک میدیکاڵ)ەوە بڵاویکردەوە "لەسایە  داخوازی جیهانی و هاوردەی ئێستا و پێویستی بۆ ڕکسختنی تێچوون و دڵنیای لە کاریگەریی ڤاکسینەکان، پێدەچێت بەرکارهێنانی جەلاتینی دەرهێنراو لە بەراز لە زۆربەی ڤاکسینەکاندا بەردەوام بێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا بابەتەکە یەکلایی نەکراوەتەوە لە نێوان زانایانی موسڵمان، سەبارەت بە حەرامبوون بەرهەمەکانی بەراز، ئەگەر بێتوو بخرێتە ژێر گۆڕانکارییەکی کیمیایی توندەوە.

سەبارەت بەو پرسیارەش کە "ئایا موسڵمان دەتوانێت ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرێت، ئەگەر بێتوو لە پێکهاتەکەیدا جەلاتینی بەرازی تێدا بێت؟".

ناوەندی فەرمی فەتوا لە ئیمارات ڕایگەیاندووە، هیچ کێشە و ڕێگرییەک نییە ئەگەر فاکسینەکە وەربگیرێت، مادامەکی مادەی جەلاتینی بەراز گۆڕانکاری بەسەردا هێنراوە و بووە بە چارەسەر.

ناوەندەکە روونیشیکردووە، فەتواکە پشتی بە دوو بنەما بەستووە، یەکەمیان " پێویستیەکان ڕێگە بە قەدەغەکراوەکان دەدات" دووەم "ئەگەر شتێک گۆرا لە حەقیقەتی خۆی ئەوا لەسەر بنەما و جەوهەری خۆی نامێنێتەوە".

بنەمای دووەم دەڵیت، ئەگەر مادەی جەلاتین گۆڕانکاری بەسەردا هێنرا دوای دروستکردن و چارەسەرکردن بۆ مادەیەکی دیکە، کە جیاوازە لەوەی کە دەرهێنراوە لەڕووی سیفەت و تایبەتمەندییە، پاشان بەکارهات لە پیشەسازی خۆراک و دەرماندا، ئەوا هیچ کێشەیەک نییە لە بەکارهێنانیدا.

هەر لەو چوارچێوەیەدا "خالید عومران"  ئەمینداری گشتی فەتوا لە خانەی فەتوای میسر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند "ئەو پێکهاتەیەی کە هەندێک جار لە ڕۆنی بەراز دەردەهێنرێت، یاخود بە چارەسەری کیمایی گۆڕانکاری تیا دەکرێت، کە دەتوانرێت پێی بگوترێت حاڵەتێک کە ئەستەمە بگەڕێتەوە دۆخی یەکەمی، ئەوا جەوهەر و بنەمای کیمیایی گۆڕاوە بۆ شتێکی دیکە، بەوشێوەیەش لەژێر حوکمی حەرامبوون و پیسبووندا دێتە دەرەوە".

ئاژانسی ئەسۆشیەتیدپرێس پێشتر لە زاری وتەبێژەکانی هەردوو کۆمپانیای فایزە و مودێرناوە بڵاویکردەوە، هەردوو کۆمپانیاکە دڵنیاییان داوە لەوەی بەرهەمەکانی بەراز بەشێک نییە لەو ڤاکسینی کۆرۆنای کە بەرهەمیان هێناوە.

زۆرێک لە ڤاکسینەکانی دیکە پشت دەبەستن بە مادەی جەلاتینی بەراز، وەک ڤاکسینەکانی سورێژە و سورێژەی ئەڵمانی.

لە لایەکی دیکەوە "خەلدون عەریمت" سەرۆکی سەنتەری ئیسلامی بۆ توێژینەوە و ڕاگەیاندی لوبنانی بە ماڵپەڕی حورەی ئەمریکای ڕاگەیاندووە ، مەبەستی شەریعەتی ئیسلامی بریتییە لە مرۆڤ و ژیانی و پارێزگاریکردن لێی.

ئاماژەی بەوەشکردووە "خواردنی گۆشتی بەراز حەرامە لەسەر موسڵمانان، بەڵام بنەمایەکی شەرعی هەیە دەڵێت "پێویستییەکان ڕێگە دەدات بە قەدەغە کراوەکان "بۆیە دەبێت سەرەتا دڵنیا ببنەوە لەوەی کۆمپانیاکانی ڤاکسین ئەو مادەیەیان بەکارهێناوە، دووەم ئایا چەند بەسودە بۆ مرۆڤ".

پێشتریش ئەنجومەنی زانایانی ئیندۆنسی وەرگرتین ئەو ڤاکسینانەی حەرام کردبوو کە مادەی جەلاتینی بەرازیان تێدایە، بەڵام دوای ئەوەی سورێژە لەو وڵاتەدا بڵاوبۆوە، بووە ناوەندی سێهەمی تەشەنەکردنی پەتاکە لەسەر ئاستی جیهان، لە ساڵی ٢٠١٨دا لە بڕیارەکەی پاشگەز بۆوە، چونکە هیچ بژاردەک لەبەردەستدا نەبوو.

ئیندۆنسیا بە گەورەترین دەوڵەتی ئیسلامی دادەنرێت لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، بە گوێرەی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٨، ژمارەی دانیشتوانەکەی گەیشتووەتە ٢٦٧ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس.

بۆیە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆکەی سورێژە، ئیندۆنیزیا زانا موسڵمانەکانی بەشداری پێکردووە، لەو لیژنە تایبەتەی کە ڕەزامەندی دەدات لەسەر کڕینی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا.

مادەی جەلاتین مادەیەکی شێوە دەڵەمەیی ڕوونە، هەندێک جار بەلای ڕەنگی زەردا دەڕوانێت، تام و بۆنی نییە لەناو لاشەی ئاژەڵاندا هەیە، بە تایبەت لە پێستی بەرازدا.