ترەمپ لێبوردنی بۆ ٤ کارمەندی ئەمنی دەرکرد تۆمەتبارن بە کوشتنی هاوڵاتیانی عێراقی

23/12/2020
فۆتۆ: 

پەرلەمانتارێکی عێراق ڕایگەیاند، ئەو لێبوردنەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بکوژانی هاوڵاتیانی عێراقی دەریکردووە، ئابڕووچونێکی گەورەیە.

نەعیم عەبود پەرلەمانتاری عێراقی ڕایگەیاند، ئەوەی ترەمپ ئەنجامی دەدات سیاسەتی ڕاستەقینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، ئەو لێبوردنەش ئابڕووچونێکی گەورەیە لەسەر واشنتۆن، بۆیە داوا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەکەن، هەڵوێستێکی هەبێت لەو بارەیەوە.

هەر ئەمڕۆش تاریق حەرب پسپۆڕی یاسایی بە ماڵپەڕی ڕوسیا تودەی ڕاگەیاندووە "ئەندامانی هێزی بلاک ۆتەر بە هیچ شێوەیەک لە دادگاکانی ئەمریکادا دادگایی نەکراون لەبەر ئەوەی هاوڵاتی عێراقییان کوستووە، بەڵکو لەسەر ئەوە دادگاییکراون کە بنەماکانی تێکهەڵچوون و شەڕیان پێشیڵکردووە و پابەند نەبوون بەو پێوەرانەی، کە کۆمپانیاکە دیاریکردووە بەگوێرەی یاساکانی ئەمریکا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ لێبوردنی سەرۆکایەتی دەرکرد بۆ ٤ ئەندامی کۆمپانیای بلاک ۆتەر سەربازی تایبەت، کە تۆمەتبار کراون بە کوشتنی ١٤ هاوڵاتی عێراقی لە ساڵی ٢٠٠٧دا.

لە ڕۆژی ١٦ی ئەیلولی ساڵی ٢٠٠٧ ئەو ئەندامانەی کۆمپانیای بلاک ۆتەری ئەمرکی دەستڕێژی تەقەیان لە هاوڵاتیانی مەدەنی عێراقی کرد لە نزیک گۆڕەپانی نسور لەغدا و بەهۆیەوە ١٧ کەس کوژران و ٢٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.