واشنتن پۆست: ئێران دەستی لە هێرشێکی ئەلکترۆنی بۆ سەر بەرپرسانی باڵای ئەمریکا هەبووە

23/12/2020
کریستۆفەر رەی بەڕێوەبەری پۆلیسی فیدڕاڵی ئەمریکا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
واشنتن

رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردوە، ئێران لە پشت هێرشێکی ئەلکترۆنییەوە بووە کە سەرەتای ئەم مانگە کراوەتە سەر بەڕێوبەری پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا و چەند بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە.

رۆژنامەکە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی پۆلیسی فیدڕاڵی ئەمریکا(ئێف بی ئای)دا دەرکەوتووە کە سەرەتای ئەم مانگە، ئێران لەرێگەی سایتێکەوە مەترسی بۆسەر ژیانی زیاتر لە ١٠ بەرپرسی باڵای ئەمریکا دروستکردووە.

بەپێی راپۆرتەکە، هەڕەشەی کوشتن لە کریستۆفەر رەی بەڕێوەبەری ئێف بی ئای و چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا کراوە کە پێشتر رەتیانکردووەتەوە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیەندا، ساختەکاری کرابێت.

سەرەتای ئەم مانگە، وێنە و ناونیشان و زانیاری کەسیی ئەو بەرپرسانە لە سایتێکدا بەناوی "دوژمنانی گەل" بڵاوکرایەوە و داواکرا هێرش بکرێتەسەریان.

واشنتن پۆست نوسیویەتی، پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە پشت ئەو هەڕەشەوە بووە.

رۆژی رابردووش، چەند بەرپرسێکی ئەمریکا رایانگەیاندبوو کە کریستۆفەر رەی بەڕێوەبەری ئێف بی ئای و کریستۆفەر کۆربس بەڕێوەبەری دوورخراوەی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا لەگەڵ زیاتر لە ١٠ بەرپرسی دیکە، لەلایەن سایتی "دوژمنانی گەل"ەوە، هەڕەشەیان لێکراوە.

پێچەوانەی بانگەشەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکا کە پێیوایە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایتی مانگی رابردوودا ساختەکاری کراوە، ئەو بەپرسانەی هەڕەشەیان لێکراوە، رایانگەیاندبوو هیچ بەڵگەیەکیان دەستنەکەوتووە کە بیسەلمێنێت لە هەڵبژاردنەکەدا ساختەکاری کراوە.