بەریتانیا سێیەم جۆری ڤایرۆسی کۆرۆنای لە وڵاتەکەی ئاشکرا کرد

23/12/2020
وەزیری تەندروستی بەریتانیا لە کاتی ئاشکراکردنی سێهەم جۆری ڤایرۆسی کۆرۆنا
فۆتۆ: 

وەزیری تەندروستی بەریتانیا ڕایگەیاند، جۆرێکی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان ئاشکراکردووە لە لاشەی دوو نەخۆشدا، ئەو جۆرە نوێیە پەیوەندیی بە باشوری ئەفریقاوە هەیە و سێهەم جۆری ڤایرۆسی کۆرۆنایە لەو وڵاتە سەرهەڵدەدات.

مات هانکوک وەزیری تەندروستی بەریتانیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، ئەو دوو حاڵەتەی کۆرۆنای نوێ کە لەبەریتانیادا ئاشکرا کراوە، پەیوەندییان هەیە بەو کەسانەوە کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە باشوری ئەفریقاوە هاتوون.

وەزیری تەندروستی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی کە ڤایرۆسە گۆڕاوەکەی کۆرۆنایان هەیە، خۆیان و ئەوانەش کە تێکەڵاویان کردوون کەرەنتین کراون.

هانکوک ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ڤایرۆسە نوێی زۆر جێگەی دوودڵییە، چونکە توانای زیاتری گواستنەوەی هەیە و پێدەچێت لە ڤایرۆسە گۆڕاوەکەی پێش خۆیەوە گۆڕابێت، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بەریتانیا ئاشکرا کرا.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزارەتی تەندروستی بەریتانیا جۆڕێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنای ئاشکراکرد، کە لە ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ گۆڕاوە و لەوبڕوایەشدا بووە، کە لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردووەوە لە ناوچەی  "کینت"ی باشوری خۆرهەڵاتی ئینگلتەرەوە بۆیەکەمجار دەرکەوتووە.

دەرکەوتنی ئەو جۆرە نوێیە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ترس و دڵەڕاوکێیەکی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان دروستکرد، بە تایبەت دوای ئەوەی دەیان وڵات گەشتە ئاسمانییەکانی خۆیان بۆ بەریتانیا و هێڵی ئاسمانی بەریتانیاش بۆ وڵاتەکانیان ڕاگرت.