كەژاڵ ئەحمەد بۆ ژیان: خەڵات تەنیا بۆ ئەوانە گرنگە كە خۆیان هیچ نین

24/12/2020
فۆتۆ: 

كەژاڵ ئەحمەد، دوای وەرگرتنی خەڵاتێك بەناوی (شاژنی عەرشی شیعر) وەڵامی رەخنەی بەشێك لە شاعیران و رەخنەگران دەداتەوە و دەڵێت خەڵات تەنیا بۆ ئەوانە گرنگە كە خۆیان هیچ نین.

كەژاڵ ئەحمەد دوای ئەوەی خەڵاتێكی لە شاری هەڵەبجە پێ بەخشرا، لە ناوەندی ئەدەبیدا كاردانەوەی لێكەوتەوە و لەو بارەیەوە بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: لە ژیانمدا خەڵاتی جیاجیام بەهۆی شیعرەوە وەرگرتووە و نەمكردوونەتە بابەتی میدیاكان، نوێترینیان خەڵاتی (شاژنی عەرشی شیعر)ە كە لە شاری هەڵەبجەی شەهید لە ڕێو ڕەسمی 16 ڕۆژ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا بوو. كە بە سەرپەرشتی خاتوو (كوێستان شێخ ئەكرەم) سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە و بە ئامادەبوونی بەڕێز (ئازاد تۆفیق) پارێزگاری هەڵەبجە و لە ناو چەپڵەڕێزانی ژمارەیەكی بەرچاو لە جەماوەری شارەكە لەلایەن (د. مەهاباد كامیل) سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە پێم بەخشرا.

لەبەرامبەردا كوێستان شێخ ئەكرەم، سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە رەتیدەكاتەوە ئەو خەڵاتە لەلایەن هیچ لیژنەیەكەوە درابێت بەو شاعیرە و دەڵێت ئەوە خەڵاتی خاتوو (حەمیدە جەمال) بووە وەك خودی خۆی خەڵاتەكەی داوەتە خاتوو كەژاڵ، نەك وەك لیژنەیەكی پسپۆڕ كە بڕیارایاتندابێت، مەراسیمەكە بۆ ناساندنی دوو كتێبی هەریەكە لەو شاعیرە و كنێر عەبدوڵا بووە. 

كەژاڵ لەبارەی نازناوی شاژنی عەرشی شیعر وتی: ئەوەی لەو خەڵاتەدا بۆ من گرنگبوو نازناوی شاژنی عەرشی شیعر نەبوو، لەبەرئەوەی بەبێ ئەو نازناوەش من هەر شاژنی عەرشی شیعرم، بەڵكو گرنگییەكەی لەوەدابوو كە لەشاری هەڵەبجەی ناسنامەی كوردبوون ئەو خەڵاتەم پێدرا.

كەژاڵ ئەوەشی راگەیاند، هەواڵی خەڵاتەكە لە سێی ئەم مانگەوە لەلای خۆی بڵاوكراوەتەوە، بەڵام لە ئێستادا كراوەتە جێی گفتوگۆ كە ئەوەش سەرەتا لەلایەن كەسێكەوەیە كە گوایە شاعیرە و خەڵكی شاری هەڵەبجەیە، پێیوایە خۆی شیاوی ئەو خەڵات و ناسناوەیە، كارەساتەكەش لەوەدایە ئەویش مێینەیە.

ئەو لەبارەی رەخنەكان لەسەر خەڵاتەكە ئاماژە بەوەش دەكات كە لایەنێكی سیاسی كە ئاماژە بۆ شاعیرێكی نزیك لە خۆیان دەكەن و پێیان وایە دەبوو ئەو خەڵاتە بێبەخشرایە بە ئەو. بەڵام من لەبەرامبەر هەموو ئەوانەدا دەڵێم: ئەو خەڵاتە هیچ لە من ناگۆڕێت، خەڵات تەنیا بۆ ئەوانە گرنگە كە خۆیان هیچ نین.

لەهەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان كە لە 25تشرینی دووەمی هەموو ساڵێك ئەنجام دەدرێت مەراسیمێكی بڵاوكردنەوەی ناساندنی دوو كتێب بۆ هەریەكە لە كنێر عەبدوڵا و كەئاڵ ئەحمەد رێكخرا و و لە نێو ئەو مەراسیمەدا خەڵاتێك بەناوی (شاژنی عەرشی شیعر) درایە كەژاڵ ئەحمەد، مەراسیمی ناساندنی كتێبەكە وەك لە بانگهێشتی مەراسیمەكەدا نوسرابوو بە سەرپەرشتی سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە بووە، بەڵام هیچ ئاماژەیەك بە بەخشینەوەی خەلات نەكراوە.