شایلۆکەکانی کوردستان!
هونەر تۆفیق
سو و سەلەم ، ڕیباوەرگر ، جگە لەوەی لە دیدی ئاینی و ئەخلاقەوە گوناهێکی گەورەیە و حەرامە ، لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە تاوانە .
دەستەڵاتی قەدەغەکردن (ممنوع ) کردەی مرۆڤە ، بەڵام دەستەڵاتی حەرامکردن ( تحریم) تەنیا لای خواوەندە ، لەهەر زەمان و مەکانێکدابێت محەڕاماتەکان هەر حەرامە . وەک قەدەغەکان بەپێ ی کات و شوێن گۆڕانکاریان بەسەردا نایەت . یەکێک لەو محەڕەماتانە ( سوخۆری ) ڕیبایە . بۆیە لەناو کۆمەڵگەکانی دنیادا ئەوەندەی پرسێکی ئاینی و یاساییە ، مەسەلەیەکی ئەخلاقیشە . وەرگرتنی سود لەبەرانبەر پێدانی بڕە پارەیەک بەقەرز عەیبەیەکی گەورەیە و هەموو ئایینەکانیش وەک یەکێک لەگەورەتاوانەکان حەرامیان کردووە . تەنانەت پێغەمبەر محەمەد ئەوەندە دژ بە ڕیبابووە گوتوویە : ئەوەی ڕیبا وەردەگرێت ، وەک ئەوەیە سێکسی لەگەڵ دایکی خۆیداکردبێت ( الربا سبعون حوبا، أيسرها أن ينكح الرجل أمه).
لە قورئانیشدا هاتووە ( يا أيها الذين آمنوا اتقوا الله وذروا ما بقي من الربا إن كنتم مؤمنين * فإن لم تفعلوا فأذنوا بحرب من الله ورسوله وإن تبتم فلكم رؤوس أموالكم لا تظلمون ولا تظلمون).
ئیسلام جیاواز لە یەهودی و مەسیحیەت بەبێ هیچ مەرجێک سوخۆری حەرام کردووە . بەڵام لە یەهودی و مەسیحیەتدا وەک لە سفر التثنية - الأصحاح 19 دا هاتووە : لا تقرض أخاك بربا، ربا فضة، أو ربا طعام، أو ربا شيء ما مما يقرض بربا . ریبا لە براکانت وەرمەگرە و رێگەپێدراو نیە . بەڵام بۆ بێگانە ئازادن : ولكن لأخيك لا تقرض بربا، لكي يباركك الرب إلهك .
ئەم ئیشکالیەتی رێگەپێدانە مەرجدارە ، شکسپیر لە شانۆی بازرگانی ڤینیسیادا بە قوڵی ئیشی تیاداکردووە . شایلۆکی ریبا وەرگری جولەکە ، کاتێک پارە بەسوود دەدات بە ئەنتۆنیۆ ی مەسیحی ، ئایینەکەیان ڕێگە بەو ئاڵوگۆڕە حەرام و حەڵاکراوە دەدات کە وەک لەشانۆکەدا شکسپیر ئاڵۆزیەکانی دەستنیشان دەکات ، چ ناکۆکیەکی ئەخلاقی و یاسایی و ئاینی گەورەی لێدەکەوێتەوە .
شانۆکەی سلێمان هەڵشۆیی ئەمدواییەی کوردستان ، قەبارەی بازرگانی ڤینیسیاکەی هەرێمی کوردستانی نیشانداین . بەڵام لەبری یەک شایلۆک و ئەنتۆنیۆیەک ، بۆمان دەردەکەوێت چەندەها شایلۆکمان هەیە لەناو سیستەمی محەڕەماتەکانی ئاینی ئیسلامدا ( کە زۆرینەی کورد موسڵمانن ) چ حەرامبازاڕێک دامەزراوە ، ئیسلام بەو هەموو تەفاسیڵە وردەی رۆژانە مداخەلەی تیادا دەکات ، چارەسەری ئەو حەرامە گەورەیە لە کۆمەڵگەدا نەکردووە!
|