لەبری ئێران تورکیا کارەبا هەناردەی عێراق دەکات

27/12/2020
فۆتۆ: 

سبەینێ تورکیا وزەی کارەبا لە هێڵی سیلۆپی – زاخۆوە بۆ ماوەی ١١ مانگ هەناردەی عێراق دەکات.

مستەفا یەڵماز سەرۆکی دەستەی ڕێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا ڕایگەیاند، دەستەکەیان مۆڵەتی داوەتە کۆمپانیای (ئاکسا ئاکسن) بۆ بازرگانی وزەی کارەبا، بە هەناردەکردنی بڕی ١٥٠ میگاوات کارە بۆ عێراق.

بە گوێرەی گرێبەستەکەش کە لەگەڵ لایەنی عێراقی ئیمزا کراوە، تورکیا لە سبەینێوە تا ١ی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ کارەبا دەدات بە عێراق.

یەڵماز ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا لە ئێستادا گەیشتووەتە ئاستی دابینکردنی پێداویستی هاوسێکانی لە وزەی کارەبا، ئەوە سەرباری دابینکردنی پێداویستییەکانی ناوخۆیی لە تورکیا.

پرۆسەی دابینکردنی وزەی کارەبا لە تورکیا بۆ عێراق لە کاتێکدایە، وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاندبوو، لایەنی ئێرانی بڕی دابینکراو لە گازی سروشتی بۆ وێستگەکانی دابینکردنی کارەبا لە عێراقدا لە٥ ملیۆن مەتر سێجاوە کەمدەکاتەوە بۆ ٣ ملیۆن مەتر سێجا ، بەهۆی ئەوەی قەرزی زۆری لەسەر عێراق کەڵەکە بووە.

وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ئەو کەمکردنەوەیە ئەنجام بدرێت، ئەوا دابینکردنی وزەی کارەبا  لە بەغدا و ناوچەکانی فوڕاتی ناوەڕاست وەک نەبووی لی دێت.