حكومەتی عێراق: ئەمڕۆ پڕۆژە یاسای بودجە دەگاتە پەرلەمان

29/12/2020
فۆتۆ: 

وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق دەگاتە پەرلەمان و دەشڵێت پارەیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان تەرخانكردووە.

حەسەن نازم، وتەبێژی حكومەتی عێراق لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی ئەلعێراقیەی حكومەت رایگەیاند: پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 واژۆ كراوە و رەوانەی پەرلەمان دەكرێت، ئەگەر پەسەندكردنی بودجە دواشبكەوێت، ئەوا خەرجكردنی موچە بەردەوام دەبێت. 

ئەو لەبارەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەرێم بەڵێنیانداوە پابەندبن بە بەندەكانی یاسای قەرز و گفتوگۆش لە بارەی پشكی هەرێم لە بودجەی 2021 بەردەوامە. 

وتەبێژی حكومەتی عێراق راشیگەیاند، حكومەت نایەوێت پێكدادان لەگەڵ گروپە چەكدارە شیعیەكان دروست ببێت و دەڵێت: حكومەت هەمیشە سەركۆنەی بوونی چەكی كۆنتڕۆڵ نەكراو دەكات و تەنانەت حەشدی شەعبیش خۆی لەم جۆرە كردەوانە بێبەری كردووە.

ئەو وتیشی: ئەگەرچی بۆردومانەكان بەردەوامن، بەڵام لایەنەكان سەركۆنەی دەكەن، ئەم حكومەتە حكومەتێكی ئاشتەواییە و نایەوێت پێكدادان دروست بێت، بەڵكو دەیەوێت سیاسییانە چارەسەری بكات.

ناوم روونیكردەوە ئامادەكاری حكومەت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە كراوە و  "پارەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن تەرخانكردووە و پارەكەش گەیشتووەتە دەست كۆمسیۆن، و لایەنی ئەمنی و شوێنەكانیش كۆنتڕۆڵكراون".