ڕزگار زاهیر تایبەت بە ژیان: هەر کەس هەڵدەستێت دەست بەکارى دەرهێنان و دروستکردنى دراما دەکات!

29/12/2020
فۆتۆ: 

سازدانى: داستان

هونەرمەند ڕزگار زاهیر دەرچووى پەیمانگاى هونەرەجوانەکان و کۆلێژى هونەرە لە زانکۆى سەڵاحەدین، هاوکات بەشدارییەکى بەردەوامى هەبووە لە کارە شانۆیی و دراما تەلەفزیۆنییەکاندا، ئەمە جگە لەوەى وەک مامۆستا لە پەیمانگاى هونەرەجوانەکانى شەهید جەعفەر لە کۆیە وانە دەڵێتەوە و ئێستا سەرۆکى بەشى شانۆیە لەو پەیمانگایە، لەم دەرفەتەى (تۆڕى هەواڵى ژیان)دائەو هونەرمەندە دەدوێنین :

ژیان: بەوپێیەى پسپۆڕییەکەت لە شانۆدایە و هاوکات بە کارى جیاواز لە نواندن و تەکنیک و بوارەکانى دیکەش لە سینەمادا کار دەکەیت، ئەو جیاوازییە ڕیشەییانە چین کە نواندن لە شانۆ لەگەڵ نواندن لە سینەمادا جیادەکاتەوە؟

ڕزگار زاهیر: لەگەڵ ئەوەى لێکچوون لە نێوان ئەو دوو بوارەدا هەیە، کە لە ناوەڕۆکدا پێشکەش دەکرێن، بەڵام خودى ئەزموونەکە زۆر جیاوازە، یەکەمین خاڵى جیاوازى نواندن لە شانۆو سینەما، بریتیە لە شوێنى بینەر، چونکە بینەر لە هۆڵى شانۆدا ، شوێنى دانیشتنى دوورترە،هەر بۆیە لەبەر گەورەیى شوێنى نمایش بینەر زیاتر سەرنج دەخاتە سەر جوڵەو ئاماژە جەستەیەکانى ئەکتەر، هەر بۆیە ئەکتەر زۆرجار پشت بە جوڵەى فراوان و تاڕادەیەک زیادەڕۆ دەبەستێت، بۆ ئەوەى بینەر بە باشى لەسەرجەم گوزارشتەکانى تێبگات و بیبینێت، بەڵام لە سینەمادا پێچەوانەیە، ئەکتەر پێویستى بە دەربڕینێکە وەک ئەوەى لە ژیانى سروشتى دا بێت،چونکە تەعەموول لەگەڵ کامێرا دەکات، حسابى قەبارەى گرتەو جووڵەى کامێراو گۆشەکانى گرتەکە دەکات. جیاوازیەکى تر ئەوەیە کە لە شانۆ هەڵە قبوڵ ناکات، بەو مانایەى لەناو شانۆدا ئەکتەر لە کاتى ڕۆڵبینیندا، تەنها یەک جار بوارو هەلى هەیە بۆ ئەوەى دەنگى بەکاربهێنێت بۆ گەیاندنى ماناى دیالۆگەکانى، بۆ ئەوەى وشەکان بە ئاسانى و بێ گرێ بگەیەنێت بە گوێى بینەر، وەک لە سەرەتاش ئاماژەمان پێدا شوێنەکەى فراوانترە، بۆیە پێویستى بە دەنگێکى زوڵاڵ و بەهێز هەیە، ئەگەر واش بخوازێت لە شانۆدا بە هۆکارێکى دیاریکراو مایکرۆفۆن بەکار بهێنرێت، لەو کاتەشدا ئەکتەر پێویستە مەشقى لەسەر بکات بۆ ئەوەى کاریگەرى خراپ نەکاتە سەر ئاستى نواندن و دەربڕینەکانى، بەڵام لە سینەمادا ئەکتەر بوارى ئەوەى هەیە زیاد لە جارێک نواندن ئەنجام بدات و دیالۆگەکان دوبارە بکاتەوە، وە پێویستیش ناکات لەناو فیلمدا هەمیشە خاوەنى دەنگێکى بەهێزبیت ، چونکە لە ڕێگەى مایک و ئامرازى تایبەتەوە دەنگ تۆمار دەکرێت ، هەڵەیەکیش ڕوبدا ت دواتر دەتوانرێت چاک بکرێت. یەکێکیتر لە جیاوازى ئەکتەرى شانۆئەوەیە، کە لە ماوەى نمایشێکى دوو سێ کاتزمێریدا،کارەکتەرەکەى بنیات دەنێت و پێشدەکەوێت، بەڵام لە فیلمدا ئەو بەردەوامیە نیە.،بۆ نموونە: زۆرجار بە شێوەیەکى پێچەوانە، تۆ دیمەنێکى سەرەتالە کۆتایى دەگریت، یان بە پێچەوانەوە. نمایشى هەست قورسترین لایەنى نواندنە بۆ فیلم ، ئەمە بۆ شانۆش هەمان شتە، بەڵام ئەکتەرى شانۆ کەمێک ئازادترە لە بەکارهێنانى جوڵەو ئاماژە، بۆ دەربڕیتى هەستى ناوەوە، بە ماناى زیادەڕۆیى نایە، کەزۆر جار خەلکانێکى نەشارەزا باسى ئەکەن! وەک لە سەرەتا ئاماژەمان پێدا، ئەمە پەیوەندى بە شوێنەوە هەیە، بەڵام ئەکتەرى فیلم دەبێت پشت بە ئاماژەکانى دەموچاو لێویو جوڵەى وردى برۆکانى ببەستێت، بۆ دروستکردنى کارەکتەرێکى باوەڕ پێکراو.یان ئەبینین پرۆسەکە لە شانۆدا، تاڕادەیەک دۆستانە ترە ، لە گەڵ سەرنجڕکێشان و کێشى زیادو عەیبدار، لە کاتێکدا لە فیلم سەرەڕاى سوودەکانى ماکیاژ، ڕووناکى، هتد...بەڵام تۆ لە بەردەم مۆنیتەرێکدا وێنەکە ئەبینى ، بچووکترین ئاماژە کە دەگیرێت گەورەى دەکات 20یان 30 جار، ئێ بێگومان بێبەزەیترە لە هەر نیشانەیەکى ناتەواوى ئەکتەریان کارەکتەر. جیاوازى تریش زۆرن لە ڕاستیدا ئەم بابەتە قسەکردنى زیاتر هەڵدەگرێت .

ژیان: بەشداریت لە درمادا لە ئارەزووتەوەیە بۆ سینەما یاخود لە ئەنجامى کەمى پڕۆژە شانۆییەکانە؟ یاخود دراما چى دەگەێنێ لاى تۆ؟

ڕزگار زاهیر: ئارەزووى هەردووکیانم، بەڵام ئەگەر قسەکە ئەوە بێت بۆ لە پرۆژەى شانۆیى کەمتر دەبینرێم و کار دەکەم،؟ زۆر جار ئەو پرسیارەم لێکراوە ، دەکرێ کەمى پڕۆژە شانۆییەکان یەکێک لە هۆکارەکان بێت، دواتر من لە شارێکى بچووک ئەژیم ژمارەى شانۆکارەکانى لە پەنجەکانى دەستێک تێپەڕ ناکەن، جیاوازى زۆرە لەگەڵ سەنتەرى پارێزگاکان، قسەم لێرە لەسەر چۆنایەتى کارەکان نیە ، بەڵام بتەوێ یان نا لەوێ کارەکان زیاترە ، تۆ گەر چاوەڕێى کارى شانۆیى بى، زۆر بە دەگمەن بەر دەرهێنەر و ئەکتەر و گروپى شارێکى تر دەکەوى، دەتوانم بڵێم هەر بەرى ناکەوى، کە ئەو ئەزموونە زۆر گرینگە بۆ شانۆکار، جگە لەوەش هیچ شوێنێکى تایبەت بە شانۆ، کە پاڵپشتی  ئەو هونەرە بکات لە شارەکەدا نییە، ئێ خۆشمان دۆخ و سیاسەتى حکومەت ئەزانین بۆ ئەو بوارە، ئە سڵەن بەلایەوە گرینگ نیە شانۆ هەبێت یان نا.دراما هونەریکە بۆ زیاتر ناساندنى  تواناى ئەکتەرە بە بینەر، وەک شانۆ نیە کە خەڵکێکى دیاریکراو دەت بینێت .

ژیان: بۆچوونى هەندێک لە هونەرمەندانى شانۆ ئەوەیە کە ئاکتەرى شانۆ ناکرێت پچێتەر بەر کامێرا ئەمە گەیشتۆتە ئاستێک هەر ئەوانە وایدەبینن ئاکتین لەسینەمادا جۆرێکە لە خۆدانە دەست خەونى بینەرى زۆر و دەرکەوتنى زۆر و ناوباگ، تۆ چۆن دەڕوانیتە ئەو بۆچوونە؟

ڕزگار زاهیر: بۆ ناکرێت ئەکتەرى شانۆ بچێتە بەردەمى کامێرا ! ئەو بڕیارە لەسەرچ ئەساسێکە؟  بڕواناکەم  کەسێک گەر هونەرمەند بێت و کەمێک مەعریفەى هونەرى هەبێت و  ئاگاى لە مێژووى شانۆو سینەما بێت بکەوێتە هەڵەى واوە، دیارە مێژوو هەر لە ئێستادا خۆیى دووبارە دەکاتەوە، کە شانۆیى ئەمەریکى لە ڕۆژانى سە رەتاى سەرهەڵدانى سینەما تووشى بوو، هۆلیود بەوە ناسراوە کە لە شانۆکانى بڕۆدوەى لە نیویۆرکدا دۆزراوەتەوە، شانۆکارانى  ئەمریکا لە ماوەى بیست ساڵى سەرەتایى درووست بوونى سینەما، بە چاوى ڕق و بە هونەرێکى بێبەهاو  ڕوکەشیى سەیریانکردووە ،تەنانەت  شەڕى سینەمایان دەکرد ڕتیاندەکردەوە، ئەو ئەکتەرانەى شانۆ کە دەبوایە لە سینەمادا کار بکەن، لەبەر پێویستیە ماددیەکانیان بە نهێنى هاوڕێ شانۆکارەکانیان ئەو کارەیان دەکرد،تائەو کاتەى پەیوەندى نێوان شانۆو سینەما بووە ،پەیەوندیەکى خۆشەویستى و هاوبەش،لە سەر دەستى یەکێک لە بەرهەمهێنەرانى فیلم (ئەدۆلف زوکەر)کە سەرۆکى گەورەترین کۆمپانیایى فیلمى ئەمریکیە لە سەردەمى سینەماى بێدەنگدا، هەڵمەتێکى دەسپێکرد بۆ ڕاکێشانى ئەستێرەکانى شانۆ بۆ کارکردن لە سینەمادا ،بۆ ئەوەى بە ناوبانگترین کارە شانۆییەکانى خۆیان بکەن بە فیلم و لە سینەماکان نمایشیان بکەن، دواتر ڕوو لە ئەوروپا دەکات، ئەبینێت شانۆکارانى ئەوروپا  تەواو جیاواز لە ئەکتەرەکانى شانۆیى ئەمریکى بەرەو سینەما دەهاتن،تەنانەت لە فیلمەکان دەرفەتێکیان بۆ ڕێکەوت بۆ ئەوەى نەمریان بکەن لە سەر شاشە بۆ نەوەکانى داهاتوو .

دوا بە دواى ئەوە بەرهەمهێنەرانى دیکەى فیلم گرێبەست لە گەڵ ئەکتەرە شانۆکارەکانى شانۆیى برۆدوەى دا دەکەن، کەمنین ئەو ئەکتەرو دەرهێنەرانەى شانۆ، لە هۆلیود گیرساونەتەوە لەوانە:(مارلۆن بڕاندۆ، هێنرى فۆندا، جەیمس ستیوارت، باربارا ستانویک ، جەیمس دین، ئەیلیا کازان ، مایک نیکۆڵس و چەندانى تریش  لەشانۆوە ، نەک هەر ئەوەش بەڵکوهەندێک لە فیلمە مەزنەکانى هۆلیود لە سەر دەقە شانۆیەکانى (یوجین ئۆنیل و تینسى ویلیلمس و ئارتەر میلەر) بەرهەم هێنراون، دواتر ڕقى نێوان سینەماو تەلەفزیۆن، وەک ئەوەى پێشتر ڕویدا لە نێوان شانۆە سینەمادا، دواتر هۆلیود تەسلیمى تەلەفزیۆن دەبێت، نەک هەر ئەوە بگرە سینەما دەبێتە گەورەترین سوودبەخش لە تەلەفزیۆن .

باسکردنى ئەو مێژووەم بۆ ئەوە بوو، کە ناکرێ تازە بە تازە ئێمە بێین بڵین نابى و ناکرێ ئەکتەرى شانۆیى  بچێتە بەردەم کامێرا،  کە خۆى سەرچاوەى هونەرەکە شانۆیە .

ژیان:  لەو درامایانەى کارت تێدا کردوون کامیان وەک بەرهەمێکى تەواو دەبینیت لە سەرجەم ڕووەکانى هونەریی و بەوێوەبردن و دەرهێنان؟

ڕزگار زاهیر: لەڕاستیدا  هیچ بەرهەمێک بێ کەم و کوڕى نیە ، لە هەموو ڕویێکەوە کەم و کوڕیمان هەیە، بیریشمان نەچێ ئەو هونەرە نوێیە بۆ ئێمە، ئەزموونەکان کەمن لەو بوارە، بۆ ئەوەى بتوانین پێشکەوین ئەبێ ئەزموونى زیاتر هەبێ ، بەو مانایە نا کە هەر کەسێک هەڵسێت و کاربکات، بەڵک و ئەوانەى تارادەیەک شارەزان و لە ڕابردوو چەند هەنگاوێکیان ناوە سارد نەبنەوە، بەردەوامیان هەبێت. لەو کارانەى تا ئێستا من تیایدا بەژدار بووم و پەخشکراوە (دراماى هەنگاوەکانى سەرخۆڵەمیش)کە لە نووسین و دەرهێنانى خاتوو(گەزیزە)بوو، تارادەیەک لە زۆر ڕوەوە، باشتر بووە لەو بەرهەمانەى تر کە بەژدار بوویمە ،.لە گەڵ ئەوەى ساڵانێکى زۆرى بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام لە زاکیرەى خەڵک دا ماوەتەوە، ئەمەوێ ئەوەش بڵێم ڕاستە لە ئێستادا بەرهەمهێنانى دراما زۆرە ، لە گەڵ ڕێزم بەڵام بەشێکى زۆرى خەڵکى نەشارەزاو نا پیشەمەند بەڕێوەى دەبەن، هەر کەس هەڵدەستێ دەست دەکات بەکارى دەرهێنان و درووستکردنى دراما! کە لە ژیانى سەر سێتى کارێکى هونەرى نەبینیوە .

ژیان: شانۆ یان سینەما؟

ڕزگار زاهیر: ئەو پرسیاروەک ئەوە وایە لێت بپرسن باوکت خۆشتر دەوێ یان دایکت ؟ هەردووکى بۆمن تایبەتمەندى خۆیى هەیە، چونکە ساڵانێکى زۆرە من لە هەردوو بوار کاردەکەم. بەڵام شانۆ تاڕادەیەک تایبەت ترە، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەرپرسیاریەتەى کە هەر لەو ساتى یەکەمى  پەردە هەڵانەوە لە سەر نمایشەکە ئیدى ئەکتەر دەبێت لە بیرکردنەوەدا بێت لە سەر شێوازى ئەنجامدانى جووڵەو ئاماژەو وتنى وشەو دیالۆگەکانى،هەربۆیە ئەکتەرى شانۆیى هەمیشە لە بەرپرسیارێتی و جۆرێک لە ترس و سترێسێکدایە  تا کۆتایى نمایش، هەر بۆیە زۆرجار خواست و خولیا بۆ ئەم جۆرە لە هونەر وادەکات کە بە شێکى زۆر لە ئەکتەرەکان چێژ لە م ساتە تایبەت و دڵە ڕاوکێیانە ببینن لە کاتى نواندن لە سەر تەختەى شانۆ .

ژیان: پڕۆژەى داهاتووت لە بوارى هونەردا چییە؟

ڕزگار زاهیر: تازەترین کارم ڕۆڵ بینینە لە دراماى( چەرخ و فەلەک) کە بەم نزیکانە پەخش دەکرێت، لە نووسین و دەرهێنانى کاک (بیلال شاکرە)، هیوادارم ئەزموونێکى باشبێت و لە ئاست چاوەڕوانى بینەرانبێت، بێگومان پرۆژەى فیلم و دراما زۆرە لە داهاتوو، نامەوێ ئاماژەى پێبدەم تا کاتى خۆیان دێت، هەر ئەوە ئەڵێم هەمیشە چاوەڕێى کارو بەرهەمى تازە بن،  زۆر بیرى سەرتەختەى شانۆ دەکەم، هیوادارم ئەزمونێکى نوێ، لەگەڵ دەرهێنەرێکى خاوەن سەلیقەو پیشەمەند بێتە پێش، بە خۆشحاڵیەوە بتوانم هەموو کاتى خۆمى بۆ تەرخان بکەم.