ترەمپ دوا خواستی خۆی ئاشکرا دەکات بەر لەوەی کۆشکی سپی جێبهێڵێت

29/12/2020
فۆتۆ: 

میدیاکانی ئەمریکا دوا هیوا و خواستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایان ئاشکرا کرد، بەر لەوەی کۆشکی سپی جێبهێڵێت، کە دەیەوێت یەکێک لە فڕۆکەخانەکانی ئەمریکا بکرێت بەناوی خۆیەوە.

ڕۆژنامەی  "دەیلی بێست" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ترەمپ لەد دواییانەدا پرسیاری لە ڕاوێژکار و یاریدەدەرەکانی کردووە سەبارەت بە چۆنێتی ناونانی فڕۆکەخانەکان بەناوی سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکاوە.

ڕۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە، ترەمپ دەیەوێت یەکێک لە فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکەی بکرێت بە ناوییەو بەر لەوەی مانگی داهاتوو کۆشکی سپی جێبهێڵێت.

بە گوتەی یەکێک لەو سەرچاوانە، ترەمپ پرسیاریکردووە، سەبارەت بە شێوازی کار و پێداویستییەکان و ئەو بەڵگەنامانەی کە پێویست بۆ ئەوەی یەکێک لە فڕۆکەخانەکان بکرێت بە ناوی سەرۆکی پێشووەوە.

لە لایەکی ترەوە یەکێک لە نزیکەکانی ترەمپ بە ڕۆژنامەکەی وتووە، سەرۆک لە ماوەی سەرۆکایەتی خۆیدا چەند جارێک ئەو بابەتەی باسکردووە، بە دیاریکراویش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨دا.

ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشیکردووە، ترەمپ خواستی ئەوەی هەبووە کە یەکێک لە فڕۆکەخانەکان ناوی (دۆناڵد جی ترەمپ) لێ بنرێت، هەروەک چۆن فڕۆکەخانەی نیشتیکانی لە ناوچەی واشنتۆنی پایتەخت کراوە بە ناوی  (ڕۆناڵد ڕیگان) سەرۆکی پێشووتری ئەمریکاوە.

یەکێک لە سەرچاوەکان بۆ ڕۆژنامەکەی ئاشکرا کردووە، کارەکە هەر بەناونانی یەکێک لە فڕۆکەخانەکانەوە نەوەستاوە، بەڵکو لە یەکێک لە جارەکاندا ترەمپ خواستی ئەوەی نیشانداوە ، یەکێک لە فڕۆکە هەڵگرەکانی ئەمریکا ناو بنرێت بە (یو ئێس ئێس دۆناڵد ترەمپ)ەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە بەگوێرەی دەستوری ئەمریکا ڕۆژی ٢٠ی مانگی کانوونی دووەمی داهاتوو، ماوەی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ تەواو دەبێت و پۆستەکە دەستپێردرێت بە جۆ بایدن سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا.