رۆحانی: ترەمپ و پۆمپیۆ بەرپرسیاری سەرەکی کوشتنی قاسم سلێمانین

30/12/2020
حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران
فۆتۆ: ئەرشیڤ
تاران

بە نزیکبوونەوە لە ساڵیادی کوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، سەرۆک کۆماری ئێران، بەرپرسیارێتی سەرەکیی ئەو هێرشەی خستە ئەستۆی سەرۆک و وزیری دەرەوەی ئەمریکا.

حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، "ساڵی ٢٠٢٠ ساڵێکی ناخۆش و پڕ لە نەهامەتی بوو بۆ ئێمە، چونکە لەمساڵدا جگە لە سەرهەڵدانی قەیرانی کۆرۆنا، بەهۆی شەهید بوونی قاسم سلێمانی، تووشی خەم و ئازارێکی زۆر بووین".

وتیشی، "لە رۆژانی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠، تیرۆری دڕندانەی قاسم سلێمانی لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە روویدا کە بەرپرسیارێتی سەرەکیی ئەو تاوانە دەکەوێتە ئەستۆی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە".

ئاماژەی بەوەشکرد، گەلی ئێران لەو تاوانە خۆش نابێت و مافی خۆیەتی تۆڵە بکاتەوە، رۆحانی روو لە ئەمریکا وتی، "ئێوە دەستی ژەنەڕاڵەکەی ئێمەتان بڕی، ئێمەش قاچی ئێوە لە ناوچەکە دەبڕین".

سەرۆک کۆماری ئێران راشیگەیاند، "لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، گەلی ئەمریکا بڕیارێکی باشیاندا و زانیان کە ترەمپ شایستەی دەسەڵاتداری نییە، بۆیە دەنگیان بە رەکابەرەکەی دا، دڵنیاشم دوای ترەمپ بارودۆخی ناوچەکە زۆر باشتر دەبێت و ئاسایش و سەقامگیری دەگەڕێتەوە تەواوی ناوچەکە".

بەرەبەیانی ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندس سەرۆکی پێشووی دەستەی حەشدی شەعبی، لە کاتی گەڕانەوەیان لە سوریا و لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، لە هێرشێکی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکادا کوژران، لەو کاتەشەوە تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئێران بەردەوام هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئەمریکا دەکەن.