توێژینەوەیەک کاریگەریی خواردنەوەی 5 کوپ چا لەڕۆژێکدا ئاشکرا دەکات
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانستی، خواردنەوەی ٥ کوپ چای لە ڕۆژدا دەبێتە هۆی زیادبوونی سەرنج و چالاککردنی میشک و وەڵامدانەوەی خێرا، لەلای ئەو کەسانەی کە تەنانەت تەمەنیان گەیشتووەتە سەروی ٨٠ ساڵییەوە.
توێژینەوەکە لە لایەن زانکۆی "نیو کاسڵ"ی بەریتانییەوە ئەنجامدراوە و ئاماژە دەکات بەوەی، ئەو کەسانەی کە چا دەخۆنەوە، سەرنج و تێگەیشتنیان باشترە، هەروەها زیرەکی و لیهاتووی دەروونی و جەستەیی باشتریان لێدەرکەوتەوە، بە تایبەت خێرا وەڵامدانەوە پەرچە کردار بەرامبەر دەوروبەریان.
بە گوێرەی تاقیکردنەوەکان، چا خواردنەوە یارمەتیدەرێکی باشە بۆ باشتر ڕاپەڕاندنی کار و چالاکییەکانی ڕۆژانە، وەک شۆفێریکردن و کاری درومان.
پزیشکێکی زانکۆی نیوکاسڵ ڕایگەیاندووە، چا خواردنەوە کاریگەریی بەرچاوی هەیە لەسەر کەسانی بە تەمەن، بە تایبەت بۆ تێگەیشتن و وەڵامدانەوە و چالاککردنی کارو چالاکییەکانی مێشکیان.
بەگوتەی ئەو پزیشکە کە سەرنجی ئەو کەسە بە تەمەنانەی داوە کە بەردەوام ڕۆژانە چەند جارێک چا دەخۆنەوە، دەرکەوتووە، کە چالاکی و لێهاتووییان زیاتر بووە، کە تەنها بەهۆی کاریگەریی چاک خواردنەوەکەوە نەبووە، بەڵکو بەشێکی پەیوەندیی هەبووە بۆ بەشداری و تێکەڵاوبوونیان لەگەڵ کەشی چاخواردنەوە و دەنگی پیاڵەو کوپ و کتری و قۆری و کەرەستەکانی چا لێنان.
پێشتریش چەندین توێژینەوە ئاشکرایانکردووە، چا خواردنەوە کاریگەریی هەیە لەسەر فشاری خوێن و کۆلسترۆڵ و کەمکردنەوەی کێش.
لە دوای ئاو، چا بە دووەم گەورەترین خواردنەوە دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان کە ڕێژەیەکی بەرچاوی لێ دەخورێتەوە لەسەرانسەری جیهاندا.
|