عیزەت شابەندەر: ئەمریکا بەنیازی هێرشە بۆ سەر چەند ئامانجێک لە عێراقدا

30/12/2020
فۆتۆ: 

عیزەت شابەندە سیاسەتمەداری عێراقی هۆشداریدا لە هێرشێکی لەناوکاوی ئەمریکا، بۆسەرچەند ئامانجێک لە ناوخاکی عێراقدا، لە لایەکی ترەوە باڵیۆزی ئێران لە بەغدا رەتیکردەوە عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێی وڵاتەکەی و ئەمریکا.

عیزەت شابەندە کە یەکێکە لە سیاسەتمەدارە دیارەکانی شیعە لە عێراق لە توێتێکدا هۆشداری داوە لە  "دەستدرێژییەکی" ئەمریکی لە ناکاو لەناو عێراقدا، کە چەندین شوێنی تیا بکرێتە ئامانج.

شابەندەر ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ئەو زانیاریانەی تۆڕی هەواڵی (CNN )ی ئەمریکا ڕاستبن، کە لەلایەنی ئەمریکی ئامۆژگاری عەبدولوەهاب سیسی سەرۆکی میسری کردووە، سەردانەکەی بۆ عێراق دوابخات، کە بڕیاربووە بەم نزیکانە ئەنجامی بدات، ئەوەش دیارە بە مانای ئەوەیە کە دەستدرێژییەکی لەناکاوی ئەمریکا لە ئارادایە بۆ سەر چەندین ئامانج لە ناوخۆی عێراقدا.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا شابەندەر داوای لە سیاسی و دەسەڵاتدارەکانی عێراق کردووە، دەستبەرداری موزایەدە و بەرژەوەندییەکانتان بن، با نیشتیمانپەروەری و جێ پێتان ببینرێت.

ئەو وتانەی شابەندەر لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ ئیرەج مەسجیدی باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، لە ئاهەنگێکی ماتەمینیدا کە لەلایەن باڵیۆزخانەی ئێرانەوە بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری پێشووی حەشدی شەعبیەوە سازکرابوو ڕایگەیاند، ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانە ڕاست نین کە باس لەوە دەکەن، بەم نزیکانە عێراق دەبێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا.

باڵیۆزی ئێران جەختیکردەوە، تۆڵەکردنەوەی سولەیمانی و موهەندیس بە کردنە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و لابردنی ئیسرائیل و ڕزگارکردنی قودس دەبێت.

مەسجیدی وتی "خوێنی ئەو دوو شەهیدە پەیوەندی و خۆشەویستی لە نێوان هەردوو گەلی عێراق و ئێراندا بەهێزکرد".

هاوکات هەر ئەمڕۆ هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پاشگەز نابنەوە لە جێبەجێکردنی بڕیاری پەرلەمان، بۆ کردنە دەرەوەی هێزە بیانییەکان، لە پێش هەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا ئاشکرایکرد، دوو فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ستراتیژی لە جۆری (B52 ) ڕەوانەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، بێ ئەوەی ناوی ئەو وڵاتە بهێنێت کە فڕۆکەکان روویان تێکردووە.

لە ماوەی ٤٥ ڕۆژدا ئەوە سێهەم جارە ئەمریکا فڕۆکەی جۆری (B52 )  رەوانەی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

فەرماندەییەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ناردنی ئەو دوو فڕۆکە ستراتیژییە، پەیامێکی وەڵامدانەوەیە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بگەیەنێت.

لە لایەکی ترەوە ژەنەڕاڵ فرانک ماکنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، هێزەکانی ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەک لە دژی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.

وتیشی "خواستی شەڕ و ململانێمان نییە بەڵام هۆشداریش دەدەین لە بەکەمزانینی توانای هێزەکانی ئەمریکا بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک".

ئەو لێدوان و پێشهاتانە لە کاتێکدایە، ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و گروپە چەکدارەکانی عێراق لە لایەک ئەمریکا لە لایەکی ترەوە بەردەوامە، بە تایبەت مەترسی ئەوە هەیە لە ساڵیادی تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی و ئەوب مەهدی موهەندیسدا ئێران بیەوێت هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق