فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا جارێکی تر لە ئاسمانی ئێران نزیک دەبنەوە
فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا جارێکی تر لە ئاسمانی ئێران نزیک دەبنەوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
تاران
لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، بۆ جاری دووەم فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا بەمەبەستی هۆشداریدان بە ئێران، لە ئاسمانی ئەو وڵاتە نزیک دەبنەوە.
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتدپرێس لەزاری بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠ی١٢ی٢٠٢٠، دوو فڕۆکەی B52ی وڵاتەکەی چەند کاتژمێرێک بە ئاسمانی کەنداودا سوڕاونەتەوە و بەتەواوەتی لە ئاسمانی ئێران نزیک بوونەتەوە.
ئەو بەرپرسە کە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکات، رایگەیاندووە، مانوڕی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا وەک کاردانەوەیەک دێت بۆ ئەو ئەگەرانەی کە ئێران دەیەوێت لە چەند رۆژی داهاتوودا زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام بدات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنانەت پێدەچێت ئەو هێرشانە پاش هاتنە سەرکاری جۆبایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ئەنجام بدرێن.
ئاشکراشیکردووە، لەم رۆژانەدا دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا چەند سەرەداوێکی نوێیان لە هەڕەشەی جددی ئێران دەستکەوتووە، لەوانەش پیلان داڕشتن بۆ ئەنجامدانی هێرشی موشەکی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە نیگەرانی ئەمریکا لەو هەڕەشانە، تەنانەت لە رۆژانی سەرەتای کوشتنی قاسم سولەیمانیش، زیاترە.
ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئەمریکا راشیگەیاندووە، هەندێک زانیاری ئاماژە بە گواستنەوەی چەکی پێشکەوتوو لە ئێرانەوە بۆ ناو خاکی عێراق دەکەن و لەو چوارچێوەیەشدا چەند بەڵگەیەک ئەگەری چاوپێکەوتنی سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران ئاشکرا دەکەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، سەرەتای ئەم مانگە فڕۆکە B52ەکانی ئەمریکا بۆ ماوەی ٣٦ کاتژمێر بەسەر ئاسمانی کەنداودا سوڕانەوە و دواتر بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا ئەو هەوڵانەی وڵاتەکەیان بۆ هۆشداریدان و رێگریکردن لە هەر رەفتارێکی شەڕانگێزانەی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکە لەقەڵمدا.
دواتر و رۆژی
دووشەممە ٢١ی١٢ی٢٠٢٠، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە،
ژێردەریایی ئەتۆمیی (یو ئێس ئێس جۆرجیا) کە تەیارکراوە بە سیستمی موشەکیی تۆماهۆک،
بەیاوەری لەگەڵ دوو کەشتی جەنگی دیکە کە هەڵگری
سیستمێکی موشەکی هاوشێوەن، رەوانەی ئاوەکانی کەنداو کراون و گەرووی هۆرموز-یان تێپەڕاندووە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ عیزەت شابەندەر سیاسەتمەداری عێراقی هۆشداریدا لە هێرشێکی لەناوکاوی ئەمریکا، بۆسەرچەند ئامانجێک لە ناوخاکی عێراقدا.
عیزەت شابەندەر کە یەکێکە لە سیاسەتمەدارە دیارەکانی شیعە لە عێراق لە توێتێکدا هۆشداری داوە لە "دەستدرێژییەکی" ئەمریکی لەناکاو لەناو
عێراقدا، کە چەندین شوێنی تیا بکرێتە ئامانج.
شابەندەر
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ئەو زانیاریانەی تۆڕی هەواڵی (CNN )ی ئەمریکا ڕاستبن، کە لەلایەنی ئەمریکی ئامۆژگاری عەبدولوەهاب سیسی
سەرۆکی میسری کردووە، سەردانەکەی بۆ عێراق دوابخات، کە بڕیاربووە بەم نزیکانە ئەنجامی
بدات، ئەوەش دیارە بە مانای ئەوەیە کە دەستدرێژییەکی لەناکاوی ئەمریکا لەئارادایە
بۆ سەر چەندین ئامانج لە ناوخۆی عێراقدا.
شایەنی باسە، بەرەبەیانی ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندیس سەرۆکی پێشووی دەستەی حەشدی شەعبی، لە کاتی گەڕانەوەیان لە سوریا و لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، لە هێرشێکی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکادا کوژران، لەو کاتەشەوە تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئێران بەردەوام هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئەمریکا دەکەن.
|