بەرهەم ساڵح: ناکرێت یاری بە قوتی رۆژانەی هاوڵاتیان بکرێت

31/12/2020
فۆتۆ: 

سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند ناکرێت هاوڵاتی عێراقی باجی ململانێ و شکستی سیاسی و گەندەڵی بدات و یاری بە قوتی رۆژانەی بکرێت.

بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە وتارێکدا کە بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێ لە رۆژانامەی سەباحی عێراقی بڵاویکردۆتەوە،دەڵێت لەم دۆخە سەختە ئابوریەدا دەبێت ئەولەویەت هەبێت لە پشتیوانیکردنی هەژاران لە ڕێگەی پاکێجێکی کارای کاریگەر و خێراوە، وە بەردەوامی دان بە جەنگی دژی گەندەڵی.

ئاماژەی بەوەشکردوە پێویستە چاکسازی بکرێت و نابێت مووچەی فەرمانبەران لە عێراقدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە تێکەڵ بە ململانێ سیاسی بکرێت.

سەرۆک کۆمار نوسیوشیەتی لە ساڵی نوێدا چاوەڕوانی ئەوە دەکەین پرۆژەی چاکسازی بە ئەنجام و بگات وهەڵبژاردنی پێشوەخت و دادپەروەرانە بکرێت.

سەرۆک کۆماری عێراق دەشڵێت"ماڵئاوایی لە ساڵێکی پڕ لە تەحەدا و ئازار دەکەین و گەشبینین بە ساڵێکی نوێ کە تێیدا ئاواتی گەلەکەمان و ئاواتەکانیان بۆ ژیانێکی ئازاد و بەهادار و شایستە بە ئێستایان بەدەست بهێنین.