بەغدا.. لە ئاهەنگەکانی سەری ساڵدا ٣٢ کەس بریندار بوون

01/01/2021
فۆتۆ: 

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ئاشکرایکرد، لە ئاهەنگەکانی سەری ساڵی زاینی شەوی ڕابردوودا تەنها لە بەغدا، کەسێک کوژراوە و ٣٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.

سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، کارمەندەکانیان سەردانێکی مەدانیان ئەنجامداوە بۆ بەسەرکردنەوەی نەخۆشخانەکانی بەغدا، دەرکەوتووە، ٢٥ کەس بەهۆی یارییە ئاگرینەکانەوە بریندار بوون و ٧ کەسیش بەهۆی تەقەکردنی کوێرانەوە بریندار بوون.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاشکرایکرد، هەندێک لە بیرندارەکان قورسە و چاویان یان شوێنی هەستیاری دیکەیان بریندار بوون و هەندێکیش بەهۆی سوتانی زۆرەوە دووچاری بڕینەوەی ئەندامێکی جەستەیان بوون.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشکرایکرد، زۆربەی ئەوانەی کە بریندار بوون منداڵ و گەنجانن، یەک حاڵەتی گیانلەدەستدانیش لە بەغدا تۆمار کراوە.

لە کۆتایی وتەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، سەرژمێرییەکە تا ئێستا هەر ئەوەندەیە، چاوەرواندەکرێت زیاتر ببێت، بە تایبەت دوای پەیوەندیکردن بە سەنتەری ئۆپراسیۆنەکانی پزیشکی حاڵەتە کتوپرەکان، لە فەرمانگەی تەندروستی و بەغدا و سەرجەم پارێزگاکانی دیکە.