واشنتۆن: ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانمان لە ئارادایە

01/01/2021
فۆتۆ: 

لێپرسراوێکی باڵای ئەمریکا ڕایگەیاند، ئاماژەی زیاتر دەرکەوتوون، کە ئێران پلانی هێرشی هەیە بۆسەر هێزەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەو لێپرسراوەی ئەمریکا کە بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت قسەی بۆ بی بی سی بەریتانی کردووە، ڕایگەیاندووە "خوێندنەوە بۆ نێیەت و پلانی ئێران پێشتر قورس قورس بووە و هەندێک جاریش چاوەڕواننەکراو بووە".

ئەو لێپرسراوە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو ئەو ئاماژانە بە هەند وەردەگیرێن، بە تایبەت هەڕەشەکان هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی سەرۆکی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران.

ئەو لێدوانانەی ئەو لێپرسراوە باڵایەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، ئەم هەفتەیە سەرکردایەتی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنتۆن چەند فرۆکەیەکی ستراتیژی لە جۆری B52 ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و چەند جارێک لە نزیک سنورەکانی ئێران سوڕاونەتەوە.

تا ئێستا چەند جارێک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گروپە چەکدارەکانی ناو ڕیزەکانی حەشدی شەعبی تۆمەتبار کردووە، بە ئەنجامدانی هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەی سەوز و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.