کۆنگرێسی ئەمریکا ئەنجامی هەڵبژاردن یەکلایی دەکاتەوە

03/01/2021
فۆتۆ: 

بەپێی دەستوری ئەمریکا پێویستە رۆژی 6 ی مانگی یەک کۆنگرێسی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یەکلایبکاتەوە، رۆژی چوارشەممەش کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبونەوە یەکلاکەرەوەکە دەکات.

بەشێک لە سیناتۆرە کۆمارییەکانی لایەنگری ترەمپ هەوڵدەدەن کۆنگرێس ئەنجامی هەڵبژاردنەکە پەسەندنەکات و دەیانەوێت دەنگ بە رەتکردنەوەی ئەنجامەکە بدەن.

ئەم هەوڵەی کۆمارییەکان سیناتۆر تیدکرۆز سەرۆکایەتی دەکات و دەیانەوێت کۆنگرێس کۆمیتەیەکی هەڵبژاردن پێکبهێنێت و دەسەڵاتی تەواوی پێ بدات بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەو ویلایەتانەی کە دۆناڵد ترەمپ دەڵێت ساختەکاری تێداکراوە.

ئەم هەوڵەی بەشێک لە سیانتۆرە کۆمارییەکان ئەگەری هەیە پارتی کۆمارییەکان دابەشبکات چونکە بەشێک لە سیانتۆرە کۆمارییەکانی ئەنجومەنی پیران پیانوایە پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەلایەن کۆنگرێسەوە شتێکی پرۆتۆکۆڵیە.

ئەوە لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ بەردەوام داوا لە ئەندامانی کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیرانی کۆمارییەکان دەکات پشتگیری بکەن،بەتایبەت دوای ئەوەی هەوڵەکانی بۆ پوچەڵکردنەوەی هەڵبژاردنەکە لە رێگەی داداگاوە شکستی هێنا.

ڕەتکردنەوەی داننان بەسەرکەوتنی بایدن لە کۆنگرێس هەنگاوێکی ڕەمزییە، و هیچ سودێکی نیە تەنها دووپاتکردنەوەی سەرکەوتنی بایدن دوادەخات،بەبێ ئەوەی ڕێگری لێبکات لەوەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەمریکا.

کۆبونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی کۆنگرێس دوای ئەوە دێت کە رۆژی 14 ی 12 ی ساڵی ڕابردوو ئەنجومەنی هەڵبژاردنی ئەمریکا بە 306 دەنگ بەرامبەر بە 232 دەنگ سەرکەوتنی بایدنی بەسەرترەمپدا پەسەندکرد.