یەک دڵۆپ ژەهری دووپشک بە ١٣٠ دۆلارە

03/01/2021
فۆتۆ: 

لە پاڵ ئەوەی مەترسیدارترین زیندەوەر و خشۆکی سەر زەوییە، بەڵام ژەهری دووپشک بە گرانترین شلە لە جیهاندا دادەنرێت.

نرخی یەک گاڵۆن ژەهری دووپشک، کە دەکاتە (٣.٨) لیتر دەگاتە بڕی ٣٩ ملیۆن دۆلار، یەک دڵۆپ لە ژەهرەکەی بایی ١٣٠ دۆلارە.

ماڵپەڕی (بزنس ئینسایدەر) بڵاویکردەوە، گرانی نرخی ئەو شلەیەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دۆزینەوەی خودی دووپشک قورسە، هەروەها دەرهێنانی ژەهرەکەشی پرۆسەیەکی گرانە، چونکە هەر دووپشکێک بڕی تەنها یەک ملیگرام ژەهری تێدایە.

بە گوێرەی ماڵپەرەکە، بۆ کۆکردنەوەی گاڵۆنیک لە ژەهری دووپشک، پێویستیت بە ٢ ملیۆن و ٦٤ هەزار دووپشک دەبێت، کە بەکاردەهێنرێت لە گەشەپێدانی هەندێک دەرماندا.

کاتێک ئەم هەواڵە دەخوێنیتەوە وا دەزانیت بەخێوکردنی دووپشک بازرگانییەکی زۆر باشە و سەرمایەکی چاکی لێوە دەستکەویت، بەڵام لە ڕاستیدا پرۆسەکە پێویستی بە کات و توانای زۆر هەیە، چونکە هەموو دووپشکێک دەبێت  بەشێوەیەکی دەستی ژەهرەکەی لێ بگیرێت.

پسپۆڕانی بواری جیهانی ئاژەڵان دەڵێن پێوەدانی دووپشک، ١٠٠ جار بە ئازارترە لە پێوەدانی مێش هەنگ.

بۆ نموونە پێکهاتەی (کلۆرۆتوکسینات) پەیوەندی هەیە لە خانە شێرپەنجەییەکانەوە، کە بەزۆری لە ناو مێشک و بڕبڕەی پشتدا دروست دەبێت، لەم کاتەدا ژەهری دووپشک بەکار دێت بۆ دیاریکردنی قەبارەی                                             گرێ شێرپەنجەییە خراپەکان زۆر بە وردی.

پێشتریش بۆ لەناوبردنی نەخۆشی مەلاریا، پەنا براوە بۆ ژەهری دووپشک، بە هەمان شێوە لەسەر مشک تاقیکراوەتەوە، بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی ئێسک، کە هیوای ئەوە هەیە لە داهاتوودا ئەنجامی توێژینەوەکان چارەسەری نەخۆشییە مەترسیدارەکانی مرۆڤی پێ بکرێت.