لە ساڵی 2020دا لە عەفرین 50 شوێنەوار تاڵانكراون
تەنها لە ساڵی 2020دا لە عەفرین 58 هاوڵاتی مەدەنی كوژراون و نزیكە هەزار كەسیش برینداربوون و 50 شوێنەواریش لە شارەكە تاڵان كراون.
رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی عەفرین رایگەیاند لە دوای ئاوارەبوونی خەڵكی عەفرین كە 300 هەزار كەس بوون و لە شوێنی ئەوان 400 هەزار كەسی خەڵكی هەرێمەكانی دیكە لە شارەكە جێگیر كراون.
ئەو رێكخراوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەلایەن سوپای توركیاوە هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیایی ناوچەكە دەدرێت بۆ ئەوەش ناوی چەندین شوێنیان ئاشكرا كرد كە ناوەكانیان گۆڕدراوە.
رێكخراوەكە ئاشكراشیكرد لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا 7 هەزار و 343 كەسی مەدەنی ڕفێنراوان و چارەنووسی زۆربەیان نادیارە، ئەوە جگە لەوەی هاوڵاتیە كوردەكان هەموو كاتێك روبەرووی ڕفاندن دەبنەوە و لەبەرامبەر ئازادكردنیان داوای پارە دەكرێت.
ئەوەشی راگەیاند لە سێ ساڵی رابردوودا 604هاوڵاتی مەدەنی كوژراون كە 498یان لە ئەنجامی تۆپبارانی سوپای توركیا وگروپەكانی سەر بەو وڵاتەبوون ئەوە جگە لە برینداربوونی 696كەسی دیكەی مەدەنی كە 303شیان منداڵبوون و 213یان ژنبوون، تەنها لە ساڵی 2020دا 58 كەس كوژراون و 987كەسی دیكەش برینداربوون.
رێكخراوەكە روونیكردووەتەوە 11 هێكتار زەوی كشتوكاڵی سوتێندراون و زیاتر لە 314 هەزار داری زەیتون و بەرداری دیكە بڕدراون و فرۆشراون، لە 2020دا 50 شوێنەوار تاڵانكراون.
رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی عەفرین داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان، رێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤ، یونیسێف و یونسكۆ كرد فشار لەسەر توركیا دروست بكەن، بۆ ئەوەی هێزەكانی لە عەفرین بكشێنێتەوە و رێگا بە هاوڵاتیان بدات، بگەڕێنەوە سەر زێد و ماڵەكانیان.
|