لیژنەی نەزاهەی عێراق: ٢٤٠ ملیار دۆلار بە نایاسایی براوەتە دەرەوە

04/01/2021
فۆتۆ: 

لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بڕی ئەو پارانەی کە لە بە نایاسایی و قاچاغ براوەتە دەرەوە، دەگاتە نزیکەی ٣٥٠ تریلیۆن دینار، بە واتای نزیکەی ٢٤٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی.

تەها ڕیفاعی ئەندامی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراقی ڕاگەیاندووە، حکومەت لیژنەیەکی بۆ روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی پێکهێناوە، لیژنەکە هەر لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونیەوە کاری گەورەی کردووە، بەڵام لەم دواییانەدا بەهۆی فشاری سیاسییەوە کارەکانی خاوبووەتەوە و زۆرترین تۆمەتی ئاراستە کراوە، بەڵام هیوای خواست لیژنەکە بتوانێت بە گەرموگوڕی دەستبەکارەکانی بکاتەوە، لە دۆسیەکانی گەندەڵی کە لە هەندێک لە وەزارەتەکانی دەوڵەتدا بە تەواوی تەشەنەی کردووە.

لیژنەی نەزاهەی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی  ٢٠٠٣وە هەزار تریلیۆن دینار خەرجکراوە، ئەوەش بەزۆری بودجەی وەزارەتەکانی بەکاربردن و وەبەرهێنان بووە، بەشێوەیەک پارەی زۆر بە فیڕۆدراوە لە گرێبەستەکاندا، ئەوە جگە لەو گەندەڵیانەی کە لە لە زۆربەی هەرەزۆری گرێبەستەکانی وەزارەت و پارێزگاکاندا تەشەنەی کردووە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئەو ئەندامەی لیژنەی نەزاهە جەختیکردووەتەوە، هیچ پرۆژەیەکی تەواو کراو لەبەغدا و پارێزگاکان نابینرێت، زۆربەی پرۆژەکان هەواڵەی کۆمپانیای لاواز کراون، بۆیە کارەکانی بە خاوخلیچکی بەڕێوەچوون، ئەوەش وایکردووە زۆربەی کارەکان تەواو نەکرێت، بەو هۆیەشەوە هیچ پرۆژەیەکی ستراتیژی نابینرێت وەک ڕێگاوبان و پردی ستراتیژی لە وڵاتد.

دوپاتیشیکردەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٣٥٠ تریلیۆن دینار بە قاچاغ و گەندەڵی براوەتەوە دەرەوە و سەرجەمی ئەو پارانەش بە ناوی وەهیمییەوە دیار نەماون و زۆربەشی لە لایەن هەندێک لە بەرپرسانی دەوڵەوە کراوە.