روونكردنەوە لەبارەی دەستبەسەركردنی كەشتیەكەی كۆریای باشور دەدات

05/01/2021
فۆتۆ: 

دەزگای پەیوەندییە گشتییەكانی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لەبارەی دەستبەسەركردنی كەشتیەكەی كۆریای باشوور روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و دەڵێت بەهۆی پێشێلكردنی پرۆتۆكۆلە ژینگەییەكان دەستی بەسەرداگیراوە.

پێگەی سوپا نیوزی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە زاری دەزگای پەیوەندیە گشتییەكانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران بڵاویكردەوە كەشتیە  نەوتهەڵگرەكە لە بەندەری ئەلجەبیلی سعودیەوە بەرەو كەنداوی فارس بەڕێوە بووە، بەهۆی لە بەرچاونەگرتنی یاسا ژینگەییەكان، لە لایەن  گرووپی زوڵفەقاری ناوچەی یەكەمی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانەوە ڕاگیراوە.

ئەوەشی روونكردووەتەوە کەشتیەكە هەڵگری ئاڵای كۆریای باشورە و حەوت هەزار و 200 تۆن مادەی كیمیایی تیادا بووە، كرێكارانی سەر كەشتیەكە خەڵكی ئیندونیزیا، ڤیتنام و میانمارن. 

دەزگای پەیوەندیە گشتیەكانی هێزی دەریایی ئێران وتوشیەتی: ئەم نەوت هەڵگرە كە ناوی كەشتی (هانكۆك چیامی)ە پاش ڕاگیران لە بەندەر عەباسدا دانراوە و دۆسیەكەی ڕادەستی دەزگای دادی وڵات دەكرێت. 

وەزارەتی دەرەوەی كۆریای باشور دوێینێ دووشەممە رایگەیاند دەسەڵاتدارانی ئێران تانكەرێكی كیمیایی كۆریای باشووریان لە ئاوەكانی دەرەوەی عەمان دەستبەسەر كردووە و داوای ئازادكردنی دەستبەجێی دەكەن .

وەزارەتەكە ڕایگەیاندووە، ئەو سەربازانەی كۆریای باشور كە لە گەرووی هورمزدا بوون، ڕەوانەی ناوچەكە كراون لە لێدوانەكەیدا كە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی كردووەتەوە، هاتووە "وەزارەتی بەرگری دەستبەجێ یەكەی شوچای ڕەوانەی ئاوەكانی نزیك گەرووی هورمز كردووە، پاش ئەوەی بە ماوەیەكی كەم ڕاپۆرتێك لە دەستبەسەركردنی ئێران بۆ كەشتییە بازرگانەكەمان گەیشتووە".