کارەبای سلێمانی: دابەشکردنی ئاو لە سلێمانی ئاسایی دەبێتەوە

05/01/2021
فۆتۆ: 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی ئاو لە سلێمانی ئاسایی دەبێتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی بڵاویکردەوە، کێشەی کارەبای وێستگەی ئاوی  "پیر قوربان"چارەسەر کراو بەو هۆیەشەوە دابەشکردنی ئاو لە سلێمانی ئاسایی دەبێتەوە.

لەو بارەیەوە ئەندازیار غالب محەمەد بەڕێوەبەری کۆنترۆڵ و گەیاندنی کارەبای سلێمانی رایگەیاند "ئێستا وێستگەی ئاوی پیرقوربان بەشێوەیەکی ئاسایی کارەبا وەردەگرێت و بەوەش کێشەی دابەشکردنی ئاو لە سلێمانی ئاسایی دەبێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەوەی دوێنێ دووشەممە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی کارەبای وێستگەی ئاوی پیرقوربان لە دوکان کوژایەوە، دەستبەجێ تیمەکانی چاکسازیی هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبای سلێمانی دەستیان کرد بە پشینن  و ئەمڕۆ کێشەکە چارەسەر کرا و کارەبا بۆ وێستگەکە گەڕایەوە .

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی بڕانی كارەباوە زۆربەی گەڕەكەكانی سلێمانی و بەشێك لە قەزا و ناحیەكان بێ ئاودەبن، كاتی چارەسەركردنەكەشی دیاری نەكراوە.