ئەحمەدی نەژاد نامەیەکی ئاراستەی حەسەن ڕۆحانی کرد

06/01/2021
فۆتۆ: 

مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران. لە نامەیەکدا کە ئاراستەی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی کردووە، تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، پەرەسەندنەکانی جیهان ئاماژەن بۆ ڕودانێکی جەنگیکی ماڵوێرانکەری نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و کەنداودا.

ئەحمەدی نەژاد  لە نامەکەیدا نووسیویەتی "هەموو پەرەسەندن و ئاماژە و هەوالەکان، کە لە دەزگا ڕاگەیاندنە جیاجیاکانەوە بڵاودەبنەوە لەسەرانسەری جیهاندا، ئاماژەن بۆ ئەوەی پلان دانراوە بۆ رودانی جەنگیکی نوێی ماڵوێرانکەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداودا".

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە لەسەر هەموو لێپرسراوان ڕێگری بکەن لە بەرپابوونی جەنگ و ڕێوشوێنی پێویست بە پەلە بگرنە بەر.

سەرۆکی پێشووی ئێران لە نامەکەیدا بۆ ڕۆحانی ووتوویەتی "بەو پێیەی سەرۆکی کۆماری ئێسلامی ئێرانن، ئەوەتا لی چاوەڕوان دەکەم، هەموو تواناکانی خۆیان بخەنە گەر بەو ئاراستەیە، بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە بەرپابوونی جەنگ".

لە کۆتایی نامەکەیدا ئەحمەدی نەژاد جەختیکردووەتەوە، ئەوەی گومانی تیدا نییە دەوڵەتانی ناوچەکە سوپاسی ئەو لێپرسراوانە دەکات، کە بە زیرەکی و هەستکردنیان بە لێپرسراوێتی، ڕێگری دەکەن لەو زیانە مادی و ڕۆحیەی کە چاوەروان دەکرێت بەهۆی جەنگەکانەوە بکەونەوە.

ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماری شەشەمی ئێران و لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ٢٠١٥ لەو پۆستەدا مایەوە.