بەدگۆڕانەکەی کافکا و سەرمایەداریی

06/01/2021
فۆتۆ: 

پێشڕەو محەمەد

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: شادیار شۆڕش

کارێکی مەزن، دەکرێت لە چەندین گۆشە نیگای جیاوازەوە خوێندنەوە و لێکدانەوەی بۆ بکرێت. ئەمە بارودۆخی پارچە ھونەرییەکەی کافکایە، کە تا ئێستا لە ھەریەک لە بوارەکانی: پێکھاتەیی، بایۆگرافی، ڕامیاریی کۆمەڵایەتی و پۆستە مۆدێرنەوە، کنەوپشکنینی بۆ کراوە. ئەم کورتە ڕۆمانە باس لە فرۆشیارێکی گەشتیار دەکات بەناوی گریکۆر زامزا، کە بەیانییەک لە خەو ھەڵدەستێت و دەبینێت، بووە بە جانەوەرێکی دڕندە، جانەوەرێک لە شێوەی قالۆنچەدا. گریکۆر لە کەسێکەوە کە ھەمیشە ھاریکاری و خزمەتی خێزانەکەی کردووە، دەبێتە شتێکی جاڕسکەر بۆ ئەو خێزانە. گیرکۆر، کەسایەتییەکی پەسەندکراو بوو لای خێزانەکەی، ھەتا ئەو کاتەی ئەمە دەگۆڕێت و ھێدی ھێدی دەبێتە مێروویەک و خێزانەکەی قێزی لێ دەکەنەوە. ئەم کارەکتەرە تەنانەت وای لێ دەبێت ڕووبەڕی ترسی  لێدانە کوشندەکەی گۆچانەکەی دەستی باوکی دەبێتەوە، کە لە سەر یاخود پشتی گریکۆری دەدا.. ھەمووان زامزایان بە  کەسێکی نەویستراو، بریندار و نەخوازراو دەبینی. زامزا دەمرێت و یادەوەرەییەکانی ئەویش لەگەڵ گسکەکەی خزمەتکارەکە بەبا دەچێت.

ڕۆشنبیری مارکسیست؛ میشێل لوویی، کافکا وەک مرۆڤێک دەبینێت  کە خەونی بینیوە و لەھەمان کاتدا خۆی بەدەستەوە داوە  و میشێل لوویی دەبێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی ڕەھەندە ڕەخنەیی و جیاوازەکانی کارەکانی کافکا ببینین و ھەستی پێ بکەین، بەتایبەت لەمەڕ بەدگۆڕان، لوویی سەبارەت بە تێگەیشتن لە ڕەھەندە تۆتالیتارییە خێزانییەکەی ئەم کورتە ڕۆمانە بەناوبانگ و ترسناکەی کافکا، باس لەوە دەکات کە گرنگە ئەوەمان لە بیربێت، کافکا لە نامەکەیدا بۆ باوکی دەردەکەوێت کە کافکا باوکی وەک مشەخۆر و مێرووئاسا دەبینێت.

لووویی ئاماژەش بەوە دەکات کە ناکۆکییەکانی کافکا لەگەڵ تۆتالیتاریزم تەنھا پێوەندیی نییە بە خێزانییەکەوە بەڵکو پێوەندیی بە  کۆنتێکستێکی فراوانتری مێژووییەوە ھەیە. لەلایەکەوە، سیستەمێکی زۆردار و زاڵم، نیشانەی کەلتووری سیاسیی ئەندامەکانی ھێزە لەلای ئیمپراتۆرییەتی ئۆسترۆ-ھەنگاری، ھەر لە قەیسەرەوە بۆ فیگەری باوک، لەلایەکی ترەوە، تەواوی نەوەی ڕۆشنبیرانی جولەکە لە سەدەی ١٩دا، کاریگەربوون بە تێڕوانینی ڕۆمانتیکی بۆ جیھان و زۆر بە بەھێزی ژیانیان تەرخان کردبوو بۆ ھونەر، کەلتوور و شۆڕش. ئەمەش ڕێگری دەکرد لە درووستبوونی نەوەی باوکانی بۆرژوازی. 

کافکا پەیوەندیی ھێزە بێسنوورەکانی نێوان باوک و دەوڵەت دیاریدەکات، بەوپێیەی ھەردوو چەمک پەیڕەوی لەھەمان لۆجیک دەکەن.

مێتامۆرفۆسیس و گفتوگۆ لەگەڵ نەریت:

ئۆڤید؛ شاعیری ڕۆمانی لە سەدەی یەکەمی زاییندا، مێتامۆرفۆسیس دەنووسێت، چەندین کۆلێکشن، سەبارەت بەو گۆڕانکاریی و گۆڕینە جیاوازانەی کە لە سەردەمە دێرین و کۆنەکاندا ڕوویان داوە. لە کتێبی یەکەمدا، لە دوای باسکردنی بنچینەی دروستبوونی جیھان، شاعیر ڕاڤەی دروستبوونی جۆرەکانی مرۆڤ دەکات:

لەبەرئەوەی ھێشتا ھیچ گیاندارێک دروست نەبوو بوو کە خاوەن بیرکردنەوەیەکی بەرز بێت و بتوانێت ببێتە سەرداری ھەمووان، مرۆڤ دروست بوو. خودای دروستکەر سەرچاوەیەکی باشتری جیھانی لەڕۆحێکی پیرۆز دروستکردووە یان ئەوەتا زەوی تازە لەدایکبوو لەشێوەی بەرزترین بەھەشتەکانەوە کێشراوە و ھێشتا لە پێکھاتەکانی ئاسمان پێکھاتووە، لەبەرئەمە پڕۆمیسیۆس تێکەڵیان دەکات لەگەڵ باران و دەیانخاتە نێو چوارچێوەی وێنەیەکەوە کە خوداکان سەرمەشقی ھەموو شتێک بن. لەکاتێکدا ئاژەڵەکانی تر سەیری خوارەوەی خۆیانیان دەکرد، ئەو شێوەیەکی ھەڵگەڕاوەی بە ئادەمیزاد بەخشی، ڕێبەری دەکردن بۆ ئەوەی سەیری ئاسمانەکان بکەن و سەریان بەرزبکەنەوە و سەرنجی ئەستێرەکان بدەن، بۆیە زەوی؛ کە چرکەساتێک پێشتر، دانەپۆشراو و خاوەن ھیچ وێنەیەک نەبوو، گۆڕا و بووە ھۆکارێک بۆ پیشاندانی شێوە نادیارەکەی مرۆڤ.
ئەمە بێ ھۆکار نییە کە مێتامۆرفیسۆسەکەی کافکا ھەمان ناوی کتێبەکەی ئۆڤیدە، ھەر وەک چۆن  بێ ھۆ نییە کە یولیزیسەکەی جەیمس جۆیس گوزارشت لە ئۆدیسەکەی ھۆمەر دەکات. ھەندێک لە ڕۆماننووسە مۆدێرنەکان دووبارە ناونیشانی بەرھەمە کلاسیکەکانیان داناوەتەوە ئەمەش لەبەرئەوەی خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەی بەرھەمەکانی ئەواندا، ئەوەی تریان بیر کەوێتەوە، بۆیە ئەم جۆرە لە کلیلی خوێندنەوە، قەدەرە بەشکۆ و مەزنەی مرۆڤمان وەبیر دەخاتەوە، بە پێی تێڕوانینەکانمان بۆ ئۆڤید پێویستە بچینە ناواخنی مێتامۆرفۆسەکەی کافکا و لە بەدگۆڕانەکەی زامزا تێڕابمێنین:

کاتێک لە دوای خەوێکی ناخۆش، گریکۆر زامزا لە بەیانییەکدا خەبەری دەبێتەوە، ڕێک لەو شوێنەی کە لێی نوستووە تەماشای خۆی دەکات کە بووە بە قالۆنچەیەکی ناشرین. لەسەر پشتە سەدەفئاساکەی پاڵکەووتبوو. ھەروەھا کاتێک کەمێک سەری بڵند کرد، ورگە قاوەییە چەماوەییەکەی  خۆی بینی کە بە درزی کەوانەیی شەق بووبوو، پێخەفەکەشی وردە وردە دەکەوتە خوارەوە و تەنھا کەمێکی پێوەمابوو. قاچە زۆرەکانی، بەبەراورد بە شوێنەکانی تری جەستەی خەمبارانە، باریک و لاواز دەرئەکەوتن و لەبەردەم چاوانییدا تەواو بێ ھێز دەرئەکەوتن. قالۆنچە بێبەختەکە، کە تەنانەت ناتوانێت قاچەکانیشی بە ڕێکی دابنێت، وێنەیەکی بەھێزە بۆ نمایشکردنی ئەو کۆتاییە تراژیدی و خەمناکەی مرۆڤایەتی سەدە دوای سەدە پێی گەیشتووە. لە کاتێکدا لەلای ئۆڤید وێنەیەکی ئەرێنی زاڵدەبێت، وێنەیەک کە پێمان دەڵێت ئادەمیزاد ڕووخساریان بەرەو ئاسمان بڵند دەکەن و پەرۆشانە و چالاکانە سەیری ئەستێرەکان دەکەن. لای کافکا بە پێچەوانەوە؛ زامزا لە مرۆڤەوە دەبێتە ئاژەڵ و تەماشای خوار خۆی و ئەرزەکە دەکات. زیاتر لەمە، لای ئۆڤید، چارەنووسی مرۆڤەکان ئەوەیە زاڵبن بەسەر ئاژەڵانی تردا، لای کافکا، قالۆنچە ناشرینەکە ناتوانێت سەرداری ھیچ شتێک بێت، تەنانەت قاچەکانیشی. لەم شێوازەدا ئەم وێنە مێتافۆرییە وێنای  ئەوە دەکات کە ھێدی ‌ھێدی مرۆڤایەتی پەیوەندییەکانی خۆی بە گرنگترین ڕەھەندەکانی بە مرۆڤبوونی، لەدەست داوە. لە شێوازی بەرھەمھێنانی پێش سەرمایەدارییدا، کرێکار دەچەوسێنرایەوە، بەڵام مەعریفە و زانینیان پارێزراو بوو، کرێکاران ھەستییان بەوە دەکرد کە ئەوان بەرامبەر بەرھەمھێنان بەرپرسیارن، نامۆبوونیش تەنھا پەیوەندی بە جەستەیانەوە ھەبوو. لە سەرمایەداری پیشەسازی و داراییدا زۆر بەقووڵی ئەم  بارودۆخە گۆڕانکاریی بەسەردا ھاتووە. لەسەرەتادا کرێکاران خۆیان نەدەناسییەوە لەنێو بەرھەمدا، تەنھا بووبوون بە کەرەستە و پێداویستییەک بۆ مەکینەیەکی گەورە کە کەسە تایبەتمەندەکان شێوەیان کێشابوو و بۆسەکانیش کڕیبوویان. بەرھەم ھیچی ئامادە نەدەکرد و پەیوەندی ئەو بە پڕۆسەی بەرھەمھێنانەوە تەنھا لەڕێی ڕێکەوتنێکەوە پێناس کرابوو؛ ھێزی کار دەفرۆشرا و خاوەن کار دەیکڕی، لەبەر ئەمە مووچە  دەبێتە پانتاییەکی فراوانی ناسینەوەی پڕۆسەکە. ھەروەھا کارکردن شوێنێکە بۆ نوێبوونەوە؛ ئەرکێکە بۆ ڕزگاربوون. کرێکار تەنھا گرنگی ئەدات بە کردە ئاژەڵییەکانی: نانخواردن، خەوتن، سێکس کردن. لەکۆتاییدا، کرێکار ھەست بە پێوەندیی ناکات لەگەڵ مرۆڤانی دی، لەبەرئەوەی کرێکاران لە پانتایی کارکردنەکانیاندا خۆیان ناناسنەوە، ئەوان بەشێکی بنچیینەیی و گرنگی ڕەگەزی مرۆیی-یان ناناسنەوە؛ ژیانی ئەوان تا ئەو ئاڕاستەیە پەیوەست نییە بەوانی ترەوە. بەکورتی، نامۆبوونی ئەوان لە کارکردن و مرۆڤبوونیان و پێوەندییان بە کەسانی ترەوە بەتەواوەتی ھۆکارەکەی سەرمایەدارییە. 

لەبەرئەمە زیادبوونی کارەکتەریی کافکایی زۆر پەیوەستە بەم باتەوە. بە تەواوەتی نامۆییە، ئەم شێوە قالۆنچییەی کە مرۆڤی بۆ گۆڕدراوە بە خستنەدەرەوەی لە مێژوو کۆتایی دێت، ئەمەش بەوەی کە ئیدی ئەوان کار نەکەن.لوویی دەڵێت: بۆیە بەگۆڕانەکەی کافکا سەبارەت بەو جیھانەیە کە مرۆڤ لە مرۆڤبوونی دەکەوێت لەو جیھانەی لە زاری کافکاوە دەزانین کە ئەدەب دەکرێت تاکە ڕۆڵێکی ھەبێت: ئەو ڕۆڵەی کە کە بتوانێت شەپازڵەیەک لە ئێمە بدات لە خەوەکانمان بێدارمان بکاتەوە، تەورێک بێت کە دەریا بەفرینەکەی ناخمان تێکبشکێنێت. 


سەرچاوەکان: Franz Kafka, “The Metamorphosis”, translated by Susan Bernofsky, W. W. Norton & Company (January ٢٠, ٢٠١٤).
Ovid, translated by Anthony S. Kline, A complete English translation and Mythological index (Online). This book has been translated from French into Kurdish by Bayan Salman.
Michael Löwy, Redemption and Utopia: Jewish Libertarian Thought in Central Europe, Verso, London, ٢٠١٧.