بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا: پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی 20٪ پاساوی نیە

06/01/2021
فۆتۆ: 
تاران

بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا داوا لە ئێران دەکەن، دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی 20٪ نەکاتەوە.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا بڵاوکراوەتەوە، بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا  نیگەرانی خۆیان لە بڕیاری ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی 20٪ دەربڕیوە و رایانگەیاندووە، دەستپێکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی 20٪ لە وێستگەی ئەتۆمی فۆردۆ، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و مەترسی پەرەپێدانی چەکە ئەتۆمییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو بڕیارە کاریگەری نەرێنی لەسەر بەڵێنەکانی وڵاتانی ئەندام لە رێککەوتنی ئەتۆمی دادەنێت کە لە کۆبوونەوەی ٢١ی١٢ی٢٠٢٠، جەختیان لەسەر کردەوە.

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لە کاتێکدا بە دەستبەکاربوونی جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، ئەگەری گەڕانەوەی واشنتن بۆ ناو رێککەوتنی ئەتۆمی لەئارادایە، بەڵام بڕیارەکەی ئێران ئەو هەلەی روبەڕووی مەترسی کردووەتەوە.

بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا  جەختیان لەوەشکردووەتەوە، پێویستە ئێران بە زووترین کات پیتاندنی یۆرانیوۆم بەڕێژەی ٢٠٪ رابگرێت و هەوڵی پێچەوانە بدات بۆ گەڕاندنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی، بۆ ئەوەی لە ئالۆزییەکان کەم بکرێتەوە و کەشێکی گونجاو بۆ دیپلۆماسییەت دەستەبەر بکرێت.

دووپاتیشیانکردووەتەوە، بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی هاوبەشەکانیان لە رێککەوتنی ئەتۆمی، تا ئەو کاتەی دەربارەی ئەو هەوڵە نوێیەی ئێرانەوە، بڕیار دەدەن.

رۆژی دووشەممە ٤ی١٢ی٢٠٢١، عەلی رەبیعی وتەبێژی حکومەتی ئێران لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، لە وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی ٢٠٪ دەستیپێکردووتەوە و ئەوەش کاردانەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و وڵاتانی ئەوروپای لێکەوتەوە.

لە پایزیی ساڵی ٢٠١٥ەوە و پاش ئیمزاکردنی رێککەوتننامەی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1، تاران پیتاندنی یۆرانیۆمی بەڕیژەی ٢٠٪ راگرتبوو لەبەرامبەر راگرتنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر وڵاتەکەی.