لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ چوونەناو کۆنگرێسەوە

06/01/2021
لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ چوونەناو کۆنگرێسەوە
فۆتۆ: فۆتۆ: میدیاکانی ئەمریکا
واشنتن

دوابەدوای دەستپێکردنی کۆبوونەوەی کۆنگرێس بۆ پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ چوونەناو کۆنگرێسەوە.

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، سەرەڕای گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنیی توند، بە سەدان خۆپیشاندەری لایەنگری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکا چوونەتەناو ژوورەکانی کۆنگرێسەوە.

بەپێی هەندێک لە راپۆرتەکان، بەهۆی حاڵەتی ئەمنیی، مایک پێنس سەرۆکی کۆنگرێس لەبینای کۆنگرێس بردراوەتەوە دەرەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، جاربەجار پشێوی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبووە و لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکان هەوڵی دورخستنەوەی خۆپیشاندەران لە بینای کۆنگرێس دەدەن.

لای خۆشیەوە دۆناڵد ترەمپ داوای لەلایەنگرانی کرد دان بەخۆیاندا بگرن و خۆپیشاندانەکە بەئاشتییانە بەڕێوەببەن.

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویشیانکردەوە، بەهۆی خۆپیشاندانەکە و دروستبوونی پشێوی لە نێوان لایەنگرانی ترەمپ و هێزە ئەمنییەکان، کۆنگرێس کۆتایی بە کۆبوونەوەکەی بۆ پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هێناوە.

چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا، کۆبوونەوەی کۆنگرێس بۆ پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردووی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بە سەرۆکایەتی مایک پێنس دەستیپێکرد و لەگەڵ دەستپێکردنی کۆبوونەوەکەش، دۆناڵد ترەمپ لە وتارێکدا بۆ لایەنگرانی جەختیکردەوە، بە هیچ شێوەیەک خۆیان نادەن بەدەستەوە و کاری دزینی هەڵبژاردنەکان ڕادەگرن.

ترەمپ لە میانی خۆپیشاندانێکی لایەنگرانی لە واشنتنی پایتەخت جارێکی تر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕەتکردەوە، بەڵام جگە لە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکا، هیچ میدیایەکی ئەمریکا وتەکانی ترەمپی نەگواستەوە، لە پای ئەوەش ترەمپ ڕایگەیاند، ڕاگەیاندنی چەواشە گەورەترین کێشەی ئەوانە.

لە وتەکانیدا ترەمپ ستایش و سوپاسی لایەنگرانی کرد و پێی ڕاگەیاندن، "مایە شەرەفیکی گەورەیە کە کۆبوونەوەی ئەو هەموو خەڵکەی ئەمریکا دەبینێت، کە هاتوون بۆ دەربڕینی رای خۆیان"، دووپاتیشیکردەوە، "هەڵبژاردنەکان پاک و بێگەرد نەبوون".