لە 2020 بە تەقەی هێزەکانی ئێران و تورکیا 240 کۆڵبەر بونەتە قوربانی
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماری ساڵی ڕابردووی کاری کۆڵبەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەو و بەپێی ئامارەکە 240 کۆڵبەر بونەتە قوربانی،لەو ژمارەیەش 5 کەسیان مێرمنداڵبوون و دانەیەکیان گیانی لەدەستداوە و چواریان برینداربوون.
بەپێی ئامارەکەی هەنگاو لە ساڵی ڕابردوو 59 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 181 کەسیشیان برینداربوون و بەراورد بە ساڵی 2019 ژمارەی گیان لەدەستدانی کۆڵبەر لە سنورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیادیکردوە،
رێکخراوی هەنگاو ئاشکراشیکردوە ١٩٩ حاڵەتیان (٤٩ کوژراو و ١٥٠ بریندار) کە دەکاتە ٨٣٪ی کۆی حاڵەتەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران و تورکیا بووە.
هەروەها ٢٠ حاڵەتیان (٦ کوژراو و ١٤ بریندار) کە دەکاتە ٨.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان بە ڕوداوی سروشتی بووە.
ئاشکراشیکردوە ٥ حاڵەتیان (٥ بریندار) کە دەکاتە ٢٪ی کۆی حاڵەتەکان بەهۆی تەقینی مینەوە بووە بە کۆڵبەرەکاندا.
لە ئامارەکەدا ئەوەش هاتووە ١٣ حاڵەتیان (٤ کوژراو و ٩ بریندار) کە دەکاتە ٥.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان بەهۆی روداوەی هاتوچۆ بووە و ٣ حاڵەتشیان (٣ بریندار) کە دەکاتە ١٪ی کۆی حاڵەتەکان بەهۆی لێدانەوە بووە.
لەسەر ئاستی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پارێزگای ئورمیە بە ١١٤ حاڵەت (٤٠ کوژراو و ٧٤ بریندار) لە پلەی یەکەمدایە و پارێزگای سنە بە ٦٠ حاڵەت (١٤ کوژراو و ٤٦ بریندار) لە پلەی دووەمدایە و پارێزگای کرماشان بە ٦٦ حاڵەت (٥ کوژراو و ٦١ بریندار) لە پلەی سێهمەدایە.
رێکخراوی هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردوە لەنێو کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەرەکاندا 16 کەسیان بە بە تەقەی هێزەکانی تورکیابووە کە 6 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 10 کەسیشیان برینداربوون و ڕێژەکەش بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیادی کردوە
|