زاواكەی ئەردۆغان لە سیاسەت دوور دەكەوێتەوە

08/01/2021
فۆتۆ: 

زاواكەی ئەردۆغان دوای دەست لەكاركێشانەوەی لە وەزیری دارایی توركیا لە هەوڵی دروستكردنی كۆمپانیایەكی راوێژكاریە و لە سیاسەت دوور دەكەوێتەوە.

 دوای زیاتر لە 50 ڕۆژ لە دووركەوتنەوەی لە هەر چالاكییەكی جەماوەری، فاتیح ئاڵتێڵی، نوسەری رۆژنامەی خەبەر تورك ڕایگەیاند، بەرات ئەلبەیراق، وەزیری دەست لەكار كێشاوەی دارایی توركیا و زاوای سەرۆكی توركیا، لە ئەستەنبوڵ بینراوە. 

زاواكەی ئەردۆغان كە وەزیری دارایی بوو دەستی لە كارەكەی كێشایەوە، دواتر لە سەرجەم تۆڕەكۆمەڵایەتیەكانیش دوور كەوتەوە و تا ئێستا بە بێ دەنگی ماوەتەوە لە ماوەی رابردوو بۆ پشوو لەگەڵ باوكیدا، چوونەتە وڵاتی قەتەر، دواتریش چووەتە شاری ترابسۆن لە باكوری ڕۆژهەڵاتی توركیا. 

ئەو نوسەرە توركە ئاشكرایكردووە بەرات بەدوای خانویەكی گەورەدا دەگەڕێت لە كەناری بۆسفۆڕ لە بەرەی ئاسیای شاری ئەستەنبوڵ، پلانی دانانی كۆمپانیایەكی ڕاوێژكاری هەیە، بەڵام هێشتا شوێنی گونجاوی بۆ نەدۆزێتەوە. 

لە ئێستادا ئۆپۆزسیۆنی توركیا داوای لێپرسینەوە دەكەن لەو وەزیرە بەهۆی ئەوەی لە سەردەمی ئەودا بەهای لیرەی توركی لەبەرامبەر دۆلار زۆر دابەزیوە بەهۆیەوە دەستكاری پارەی یەدەكی وڵاتەكە كراوە.
 
ئەندامێكی پارتی داد و گەشەپێدانی حوكمڕان بەنوسەرەكەی ڕاگەیاندووە كە بەرات هیچ نیازێكی نییە بگەڕێتەوە بۆ سیاسەت، چونكە زۆرتر ویستی ئەوەی هەیە كاری راوێژكاری بكات، ئەگەر لە داهاتووش بگەڕێتەوە سیاسەت ئەوە دیار نیە. 

بەیرەق لە ساڵی 2004ەوە هاوسەرگیری لەگەڵ ئیسرا، كچە گەورەی سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان كردووە، هەرچەندە لە ماوەی رابردوو میدیاكانی نزیك لە پارتەكەی رایانگەیاند ئەو وەزیرەی حكومەتی توركیا بە فەرمانی سەرۆك كۆمار دەستی لەكار كێشاوەتەوە بەڵام تا ئێستا هیچ روونكردنەوەیەكی لەوبارەیەوە نەداوە باوكیشی دوای دەست لەكار كێشانەوەی كوڕەكەی دەستبەرداری پلە حزبیەكەی بوو.