باڵیۆزخانەی ئەمریكا: لە عێراق بەردەوام دەبین لە هاوكاریكردنی هاوبەشەكانمان

08/01/2021
فۆتۆ: 

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق رایگەیاند، لە بەغدا دەمێننەوە و بەردەوام دەبن لە هاوكاریكردنی هاوبەشە عێراقییەكانیان، دڵخۆشی خۆشیان دەردەبڕن بەوەی هاوبەشەكانیان باوەڕێكی بەهێزیان بە دیموكراتی وڵاتەكەیان هەیە.

لە راگەیەندراوێكدا باڵوێزخانەی ئەمریكا لە عێراق لەبارەی رووداوەكانی چەند رۆژی رابردووی وڵاتەكەی، دەڵێت "خەڵكانێك لە ئەمریكا هەیە مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە بۆ نانەوەی پشێوی و چالاكی تاوانكاری بەكاردەهێنن، ئەوانە روبەڕووی یاسا دەكرێنەوە."

باڵوێزخانەكە ئاماژەی بەوە كردووە رۆژی 20ی ئەم مانگە مەراسیمی دەستبەكاربوونی جۆ بایدن وەكو سەرۆكی نوێی ئەمریكا بەڕێوەدەچێت، هەرچەندە هەوڵی ئاژاوە نانەوەش درا بەڵام كۆنگرێس ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەسەند كرد. 

ئەوەشی روونكردووەتەوە، دەزانین لە عێراقیش هاوشێوەی ئەمریكا هەست و بیروبۆچوونی جێگری خەڵك تێكەڵ بە سیاسەت دەبێت و دەبێتە هۆی دابەشبوون، دەشزانین سەرەڕای جیاوازی بۆچوونی سیاسی بەڵام عێراقییەكان هاوشێوەی ئەمریكییەكان هەوڵی هەمان شت دەدەن كە بونیاتنانی گەلێكی باشترە بۆ خۆیان و نەوەكانیان. 

باڵوێزخانەی ئەمریكا راشیگەیاندووە: دڵخۆشین بەوەی هاوپەیمان و هاوبەشەكانمان باوەڕێكی بەهێزیان بە دیموكراتی وڵاتەكەمان هەیە.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئێستای ئەمریكا هەڵیانكوتایە سەر باڵەخانەی كۆنگرێسی وڵاتەكە، كۆبوونەوەی كۆنگرێسیان تایبەت بە پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بۆ چەند كاتژمێرێك دواخست. 

هەرچەندە ئەو ئاڵۆزیانە كوژرانی پێنج كەسی لێكەوتەوە، بەڵام دواتر كۆنگرێس لە ژێر رێكارێكی ئەمنی توندا بەسەرپەرشتی مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا ئەنجامی هەڵبژاردنی پەسەندكرد و جۆ بایدن بە فەرمی بوو بە سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا.