فڕین وەک ڕزگارکەر لە دیجتاڵ ئارتەکانى (بەرهەم تەیب)دا

09/01/2021
فۆتۆ: 

داستان بەرزان

بەرەوکوێمان دەبات زەمان؟

نە بۆ مردن کاتمان هەیە نە بۆ ژیان !

 ڕەفیق سابیر

مرۆڤ لە کۆنەوە خەونى فڕین لە سەرییدا بووە، لەو پێناوەشدا ڕەنجى زۆرى کێشاوە و باجى زۆرى داوە، هەمیشەش هەوڵەکانى بۆ فڕین بە شکست کۆتاییان هاتووە !

خەونى فڕین لەلاى مرۆڤ بەپێى قۆناغەکانى بیرکردنەوەى گۆڕانى بەسەردا هاتووە، لە ئەفسانەکاندا هەوڵى جیاجیاى مرۆڤ هەن بۆ فڕین، دیارترینیان بەسەرهاتى(ئیکارۆس)ە لە ئەفسانەیەکى یۆنانى کۆندا، ئیکارۆس بەوپێیەى باڵى پێنەدراوە، ناچار باوکى هاوکاریی دەکات، بۆ دروستکردنى دووباڵ بۆ کوڕەکەى بە مۆم و پەڕ، دواتر بەهۆى باڵەکانەوە بە ئاسمانى شارى کریتدا دەفڕێت، لە ئەنجامدا بەهۆى پشکردنە یاسانى سروشت و مرۆڤ ئەو وەک خواوەندێک دەردەکەوێت! تەنانەت خۆیشى هەستێکى خواوەندانە دایدەگرێت. بەڵام ئەو هەستەى بۆ ناچێتەسەر و دەکەوێتە خوارەوە و لە کارەکەییدا سەرکەوتوو نابێت .

ئەم دیمەنەش لە تابلۆی (لاواندنەوەی ئیکاروس)ى (هێربێرت جەیمس دراپێر)دا گەلێک قەشەنگ و ئەفسوناویی نیگارى کێشراوە .

تابلۆی (لاواندنەوەی ئیکاروس)ى (هێربێرت جەیمس دراپێر)

پاشان ئەم خەونە لە قۆناغى بیرکردنەوەى ئاینى مرۆڤدا زۆرتر و بە شێوازى جۆربەجۆر دەردەکەوێتەوە، لە چیرۆکى (ئادەم و حەوا)وە بەوپێیەى لە ئەنجامى سزادانیان لەلایەن خوداوە بەردەدرێنەوە بۆ سەر زەوى، جۆرێک لە فڕین ئامادەیی هەیە، لانى کەم لە ڕووى لۆژیکییەوە ناکرێت مرۆڤ بیرى بۆ ئەوە نەچێت لە ئەنجامى فڕێدانیان چۆن بەبێ گرفت گەیشتوونەتە سەر زەوى؟ دەکرێت یەکێک لەو ڕێگایانەى مرۆڤ بیرى بۆ دەچێت فڕینى ئەوان بووبێت، ئەمە لە کاتێکدا لە هیچ کام لە ئاینەکاندا ئاماژە بەوە نەدراوە مرۆڤ لە سەرەتادا باڵی هەبووبێت! بەپێچەوانەى فریشتەکان کە باڵیان هەیە.

لەو سەرەتایەوە تاکو دەگات بە حەزرەتى سلێمان کە بەهۆى فەرشەکەیەوە دەتوانێت بۆ جوگرافیاى دوور بفرێت و دواتریش مەسیح کە باڵندەى لە قوڕ سازکردووە و بە فویەک گیانى بەبەردا کردوون، هەر ئەویش لە کۆتایی ژیانى سەر زەوییدا بەو پێیەى دەچێتەوە بۆ ئاسمان دیسانەوە جۆرێک لە فڕین لەلاى مرۆڤ وێنا دەکات، تەنانەت کۆتا پێغەمبەر لە شەوى (ئیسرا و میعراج)دا بەهۆى گیانەوەرێکەوە بە ناوى (بوراق) کە زۆرینەى سەرچاوەکان بە ئەسپێکى باڵدارى دەچوێنن، دەفرێت بۆ حەوتەمین چینى ئاسمان و بە دیدارى خودا دەگات و سەربارەت بە پەیڕەوى شوێنکەوتوانى ئایینەکەى قسەى لەگەڵدا دەکات.

بوڕاق کە شێوەی ئەسپێکی باڵدار دەنوێنێت

هەرچى ئاستى بیرکردنەوەى فەلسەفیانەى مرۆڤیشە ڕامانى بەردەوامى فەیلەسوفان لە ئاسمان و گەردوون جۆرێک بووە لە هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لەو بۆشاییەى کە دەکرێت لە ڕێگەى ئارەزووى زانینەوە پێیدا بفڕیت، (ئەبیکۆر) کە فەیلەسوفێکى گاڵتەجارى یۆنانە بە چرا فانۆسەکەى دەستییەوە بە چەشنێک لە ئاسمان ڕاماوە، ڕۆژێک ئاگادارى بەرپێى خۆى نابێت و دەکەوێتە چاڵێکەوە، بەو هۆیەشەوە نوکتەیەکى قەشەنگى فەلسەفى دێنێتە ئاراوە کە بەمجۆرەیە (ئەو فەیلەسوفەى بەرپێى خۆى نەدەبینى، کەچى دەیویست لە گەردوون تێبگات!) بەڵام بەوپێیەى فەلسەفە هەر لە کۆنەوە سەروکارى لەگەڵ چەمکى لۆژیکدا هەبووە و فڕینى مرۆڤیش وەک کردەیەکى نالۆژیکى لاى فەیلەسوفەکان دەکەوێتە کەنارەوە

ئەوەشى هەیە لە ئەدەبیات و هونەریش خاڵى نیین لە خەونى فڕین، نووسەران هونەرمەندان بە چەندین جۆرى جیاواز کاریان لەسەر فرین و مانا جیاوازەکانى و ڕەهەندە قوڵ و ئەنتۆلۆژییەکانى کردووە و ڕووبەڕێکى زۆرى ئەدەب و هونەر کارکردنەوە لەسەر خەونى فڕین و هەوڵدانى مرۆڤ بۆ ئەزموونکردنى فڕین،

هەر بەو هۆیەشەوە ئەدەبیات و هونەرى جیهان چەندین کارى مەزنى وەک نێڵز و میکى ماوس و هارى پۆتەر، باتمان و سپایدەرمان و هەروەها چەندەها دیمەنى بەهێز و کاریگەرى دیکە لە سینەمادا کە لێرەدا هێما بۆ کۆتا دیمەنى فیلمى (ئی تى) دەکەین لە دەرهێنانى (ستیفن سپیلبورگ) کە تاکو ئێستاش بە یەکێک لە دیمەنە قەشەنگەکانى دونیاى سینەما دادەنرێت، هەروەها دەکرێت هێما بۆ دیمەنى کۆتایی فیلمى (میزەڵانى سور)ى دەرهێنەرى فەڕەنسى (ئەلبێرت لامۆڕیس)یش بکەین، چونکە ئەویش یەکێک لە دیمەنە نایابەکانى جیهانى سینەمایە.

کۆتا دیمەن لە فیلمی میزەڵانی سوور

لە جیهانى شێوەکاریشدا جگە لە چەندین پەیکەر و تابلۆى کۆنى سەر دیوارى ئەشکەوتەکان لە کۆندا کە ئاماژەکانى فڕینیان تێدا نیشاندراوە، هاوکات چەندین فیگەرى نیوە مرۆڤ و نیوە باڵندە ئامادەییان هەیە، دواتر لاى هونەرمەندانى مۆدێرن بە تایبەت مایکڵ ئانجلۆ و مارک شاگاڵ ئەم کۆنسێپتە دەبێت جۆرێک لە تایبەتمەندیی کارەکانیان، تابلۆى (ئەوینى فڕیو) دیاترین کاری شاگالە، کە هونەرمەندانى پاش خۆى هەر کات ویستبێتیان کار لەسەر هەمان ئایکۆن بکەن، گەڕاونەتەوە بۆ کارەکانى ئەو هونەرمەندە.

 لە شێوەکاریی کوردیشدا فڕین بە چەندین جۆرى جیاواز کارى لەسەرکراوە و ئەوەندەى گەڕان بینینى من پێڕاگەیشتبێت هونەرمەند (سەعید ئیسماعیل) توانیویەتى لە ئاستێکی بەهێزی مانادا و بە پاڵپشتی ستاتیکایەکی باڵا، فڕین بکاتە تایبەتمەندییەکى هەرە دیارى ناو تابلۆکانى.


بەڵام ئەوەى لەم نووسینەدا مەبەستمانە سەرنجتانى بۆ ڕابکێشین دیجیتاڵ ئارتەکانى هونەرمەند (بەرهەم تەیب)ن کە سەربارى ئەوەى بە میتۆدێکى نوێى کارکردنى هونەریی کە دیجیتاڵ ئاڕتە و دەرهەق بە دونیای هونەریی ئێمە شێوازێکی نوێی کارکردنە، چەند ساڵێکە هونەرمەندانی شێوەکار بەکاریدەبدن، وەهاش ئەو هونارمەندە لە ئاستێکی تایبەت بە خۆییدا و جیاواز لەوانەی کە هەمان تەکنیکیان گرتۆتەبەر، کار بەم شێوازە لە هونەری مۆدێرن دەکات.

ئەوەی جێگەی بایەخە هاوکات لە گۆشەیەکى دیکەوە مامەڵەیەکى مانادار و ستاتیکى لەگەڵ کردەى فڕیندا دەکات، بەتایبەت لەم چەند کارەییدا کە بابەتی ئەم نووسینەی ئێمەن. وەک دەبینین لە ڕێگەى بەخشینى باڵەوە بە کەسانێک کە لە دۆخى خراپ و قەیراناوى ژیاندان کە نەک دووباڵ بۆ فڕین بگرە ژیان بە هەر هۆیەک بێت قاچەکانیشیانی لێسەندوونەتەوە. کەچی ئەم هونەرمەندە لە ڕێگەی هونەرەوە دەیەوێت فڕین بکاتە ئەو فریادڕەسەى کە دەکرێت بەهۆیەوە لەو نەهامەتى و نەگریسییەی ژیان ڕزگاریان ببێت. واتە کارەکانی ئەم هونەرمەندە شەڕکردنن لەگەڵ واقیعێکی ئازاربەخشدا و کارکردنن بۆ گۆڕینی ئەو واقیعە ژەهراوییە، ئەمەش زیاتر ڕەوایی دەداتە ئەو تێزەی نیتچە کە دەڵێت: ئێمە بۆیە پێویستمان بە هونەرە تاکو واقیع نەمانکوژێت.

لە یەکێک لە کارەکانی هونەرمەند (بەرهەم تەیب)دا کە ئێمە لێرەدا بە کاری ژمارە(١) ئاماژەمان بۆی کردووە، پیاوێکى پیر دەبینین کە بە دووباڵی سپییەوە، دەستی ڕاستی لە منداڵێک کە لە دۆخی فڕیندایە پانکردۆتەوە و پارەیەک لە دەستی چەپیدایە، کۆی ژێستەکەش دەرۆزەکەرێک نیشان دەدات، کە دەستی لە منداڵێکی فڕیو پانکردۆتەرە، لێرەدا بەر زیاد لە مانایەک دەکەوین، ئایا بڵێیت ئەو پیاوە پیرە پارە وەک دەربازکەرێک ببینێت، لە سەردەمێکدا کە پارە زۆر زۆر شتە! چونکە  لە کارێکی دیکەدا کە بە کاری ژمارە (٢) ئاماژەمان بۆ کردووە هەمان پیاو بە دوو باڵە سپییەکەیەوە لە پارەیەکی ناو دەستی ڕاماوە! یان ڕەنگە لێکدانەوەمان بۆ ئەو دیمەنە ئەوە بێت کە ئەو پیاوە پیرە سواڵی فڕین لەو منداڵە بکات، بەوپێیەی توانای خەون و هێزی فڕین لە منداڵدا کاریگەرترە، بەڵام دیسانەوە بۆ دەربازبوون؟ باشە هەر بەڕاست هیچ شتێک هەیە مرۆڤ دەرباز دەکات؟

یاخود لە کارێکى دیکەى هەمان هونەرمەندا کە بە کاری ژمارە (٣) ئاماژەمان بۆ کردووە ئافرەتێک خۆی لە عەبایەکى ڕەش پێچاوە و سەرى شۆڕکردۆتەوە بەسەر هەندێک پارە و چەند گۆرەوییەکدا بە نیازى فرۆشتن، بەڵام ئەویش دیسانەوە دوو باڵى قەشەنگى لێڕواوە و دانەیەکیان بە جۆرێکى فەنتاسى وەها چۆتە ناو کاشیی سەر ڕووکاری دیوارەکەى تەنیشتییەوە هەرچەند تەماشاى دەکەیت دڵنیانابیتەوە کە ئایا وێنەى باڵەکەى دیکەیەتى لەسەر ڕووى ساف و ئاوێنەئاساى کاشییەکە دەرکەوتووە؟ واتە ژنەکە لە بنەمادا یەک باڵی هەیە، وەک ئەوەی لە باوەڕە کۆنەخواز و دژە ژنەکاندا هاتووە، کە ژنان بە نیو دەبینن و هونەرمەندیش وەک هێمایەک بۆ ئەو دیدە تەنیا باڵێکی بە ژنەکە بەخشیبێت! یاخود هەر بەڕاستى ئەوە باڵەکەی دیکەیەتی وەها ئاوێتەى دیوارەکەبووە، ئەمەش وادەکات ئەم کارەیان سەربارى ئەوەى نیشاندری خەونی فڕینە لەلای مرۆڤ، بەخشینی باڵیشە بە مرۆڤێکی لێقەوماو، تاکو بە هۆیەوە خۆی لە ژیانێکی ناهەموار ڕزگار بکات، هاوکات کارێکە ڕووبەرێکی زۆر لە خەیاڵی هونەرمەندی لەخۆییدا بەرجەستە کردووە و لە ئەنجامدا چێژێکى ستاتیکى زیاتر بە بینەرانى دەبەخشێت. کەشی سەرجەمی کارەکەش لە ڕەنگی ڕەش و سپی پێکهاتووە، بە مەودایەکی زۆری ڕەنگی ڕەشەوە، کە ئەویش لە مانا باوەکەییدا بەدبەختی و نەهامەتی دەگەێنێت.

کاری بەرهەم تەیب ژمارە ١


کاری بەرهەم تەیب ٢


کاری بەرهەم تەیب ٣

هەر لە هەمان ئەم کارانەى بەهمەندا کە بە کاری ژمارە (٤) ئاماژەمان بۆی کردووە، وێنەى منداڵێکى هەژار هەیە کە لەسەر قەراغى شۆستەیەک خەوى لێکەوتووە و چەند منداڵێکى ساواى ڕووت بەسەریەوە لە باڵیان داوە، کە ئاماژەن بۆ خەونى منداڵە نووستووەکە کە دیسانەوە خەونی فڕینە، فڕین وەک تاکە فریادڕەس بۆ قوتاربوون، لە ژیانێکى سەخت و بێ بەهاى وەها کە مرۆڤى ڕاستەقینە شەرمى لێدەکات، کە بەو چەشنە نادادپەروەرانەیە!

لە تابلۆیەکى دیکەیدا کە بە کاری ژمارە (٥) ئاماژەمان بۆی کردووە منداڵێک دەبینین لەسەر شۆستەیەک و بە نیگایەکى قوڵى منداڵانەوە دەڕوانێتە خوارووى شۆستەکە و هاوکات ئەویش بە دوو باڵى سپى بێگەردەوە سەرقاڵى بەستنى قژى زەردى بوکەڵەیەکى جوانە کە ئەویش وادەردەکەوێت چەشنى باڵەکان هونەرمەند بۆ وێنەکەى زیادکردبێت، وەهاش نەبێت هەر دەکرێت وەک خەونێکى سادەى منداڵەکە بەریبکەوین بۆ دونیا تایبەتییەکەى خۆى کە یاریکردن و بەسەربردنى کاتى سەرگەرمییە لەگەڵ بوکەڵەکەییدا، نەک بەو جۆرە لەسەر شۆستەیەکى ڕەق لە ڕۆژگارێکى ڕەقدا چاوەڕوانى دینار دینارى خەڵکى بێت تاکو ئێوارە بە سکى برسى نەچێتەوە و لانى کەم لەفەیەکى پێبخوات و ئەگەریش تیایدابوو هاوکاریی خێزانەکەیشى بکات.

کاری بەرهەم تەیب ٤


کاری بەرهەم تەیب ٥

بەمجۆرە ئەزموونى فڕین لەم کارانەى هونەرمەند (بەرهەم تەیب)دا دەبێتە فریادڕەسێک بۆ کەسانى لێقەوما و هەژار و ستەمدیدە، تاکو بتوانن ئەگەر بە خەونیش بێت بۆ ساتێک لەو دونیا ڕییاڵییە دزێوە داببڕێن کە ڕۆژانە کیانیان دەسرێتەوە و لە مرۆڤێکى شایستە بە ژیانێکى بەهادار دەیانگۆڕێت بۆ مرۆڤى کەوتووى کەنار شۆستە و سەر شەقامەکان و خۆشیان نازانن سبەینێ دونیا چیترى لە ئەشکەنجەى جەستەیی و دەروونى پێیە بۆیان و چارەنووس بەرەو کوێی خراپتریان ڕاپێچ دەکات؟!

هەرچی ئەو دوو کارەی دیکەشن بەو پێیەی هەڵگری هەمان کۆنسێپتن، خوێنەر دەتوانێت بۆ زیاتر بەرجاوڕوونی لەسەر شێوازی کارکردنی ئەم هونەرمەندە سەیریان بکات.

کاری بەرهەم تەیب٦

کاری بەرهەم تەیب٧