هەڵبژاردەیەک لە وتەکانی فەیلەسووفی چینی"کۆنفۆشیۆس "
( ٥٥١ پ.ز-٤٧٩پ.ز)
وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی
• گەورەیی لەوەدا نییە کە هەرگیز نەکەویت، گەورەیی لەوەدایە کە کەوتیت، هەڵسیتەوە .
• چەند باوەڕت وا بێت کە سەرقاڵیت، هەر دەبێ کاتێک بۆ خوێندنەوە بدۆزیتەوە. ئەگینا بڕۆ خۆت ڕادەستی ئەو جەهلە بکە کە فەوتاندووتی .
• مرۆڤ کاتێک پەی بە زانین دەبات کە فێر بوو بیر بکاتەوە .
• پاشگەز نەبوونەوە لە هەڵە، هەڵەیەکی گەورەترە .
• من ئەوە خەمبارم ناکات کە خەڵک نەمناسێت، بەڵکو ئەوە خەمبارم دەکات کە خەڵک نەناسم .
• زۆر کەس بەختەوەری لە ژوور مرۆڤەوە دەبینن، زۆری تریش هەن کە لە خواروو مرۆڤەوە دەیبینن، بەڵام بەختەوەری بەقەدەر باڵای مرۆڤ خۆیەتی .
• بۆ مێشوولە کوشتن تۆپ بەکارمەهێنە .
• لێکۆڵینەوە لە ڕابردوو گرنگە بۆ ئەو کەسەی دەیەوێ پلان بۆ داهاتوو دابنێت .
• لەبری ئەوەی نەفرەت لە تاریکی بکەیت، چاکتر وایە مۆمێک دابگیرسێنیت .
• گەر ویستت ڕادەی پێشکەوتنی میللەتێک بزانیت و لە ئاستی شارستانێتی و هوشیاریی تێبگەیت، گوێ لە مۆسیقاکەی بگرە .
• مرۆڤ سێ ناوی هەیە: ئەو ناوەی بە میراتی بۆی دەمێنێتەوە، ئەو ناوەی دایک و باوکی لێی دەنێن و ئەو ناوەی کە خۆی بۆ خۆی دروستی دەکات .
• ئەگەر سەرکردە باش بێت، کەس ناوێرێت گەندەڵی بکات .
• زانینی ڕاستەقینە ئەوەیە کە مرۆڤ ڕادەی جەهلی خۆی بزانێت .
• ڕەندی(واتە فەزیڵەت) ئەوەیە کە ئەوەی بۆ خۆتی بە پەسەند نازانیت، بۆ خەڵکیشی بە پەسەند نەزانیت .
• هەموو شتێک جوانیی خۆی هەیە، بەڵام هەموو چاوێک نایبینێت .
• مرۆڤی مەزن لە قسەکردندا هێمنە، بەڵام لە کارەکانیدا چالاک و خێرایە .
• مرۆڤی مەزن هەڵوەدای"هەق"ە و مرۆڤی سووک هەڵوەدای"بەرژەوەندی ".
• من ڕقم لەو کەسانەیە کە فڕوفێڵ بە حیکمەت و خۆدزینەوە لە ئەرک بە ئازایەتی و هەڵەوەڕیش بە هەقیقەت دەزانن .
• تەماشاکردنی ستەمکاران و گوێ شلکردن بۆ قسەکانیان سەرەتای ستەمکارییە .
• ئەرکی حکومەت بەتەنها باشترکردنی هەلومەرجەکانی گوزەران و حەسانەوەی خەڵک نییە، بەڵکو پێویستە کامەرانیشیان بۆ دابین بکات .
• ئێمە کە تا ئێستا نازانین ژیان چییە، ئیتر چۆن بزانین مردن چییە .
"جارێکیان لە کۆنفۆشیۆس دەپرسن: ئەرکەکانی حکومەت چین؟
لە وەڵامدا دەڵێت: دابینکردنی خۆراک و تفاقی سەربازی و متمانەی میللەت بە حکومەت،
لێی دەپرسن: کامیان لە هەموویان گرنگترە؟
دەڵێت: دەکرێ حکومەت دەسبەرداری تفاقی سەربازی بێت و تەنانەت خۆراکیش، چونکە مردن شتێکە هەر ڕوودەدات، بەڵام هیچ حکومەتێک لەسەرپێی خۆی ناوەستێت گەر متمانەی میللەتەکەی لە دەست بدات."
|