بایدن: لە ئەمریكا خەڵكێك هەیە چەندین كاتژمێر لەسەرەدا دەوەستن بۆ دەستكەوتنی نان

10/01/2021
فۆتۆ: 

سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا رایگەیاند، لەكاتی ئەم پەتای كۆرۆنایەدا پێویستە فریای ئەو خێزانانە بكەوین كارەكانیان لەدەستداوە و چەندین كاتژمێر لەسەرەدا دەوەستن بۆ دەستكەوتنی نان.

جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، لە هەژماری خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، وتارێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە و تیایدا رایگەیاند: لەكاتی ئەم پەتای كۆرۆنایەدا پێویستە فریای ئەو خێزانانە بكەوین كارەكانیان لەدەستداوە.

سەرۆكە نوێیەكەی ئەمریكا باسی لەوەكرد " لەویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، خەڵكانێك لەناو ئۆتۆمبێلەكانیان چەندین كاتژمێر سەرە دەگرن و لەچاوەڕوانیدا دەبن بۆ دەستكەوتنی ژەمە نانێك تا لەسەر مێزی نانخواردن لەگەڵ خێزانەكانیان بیخۆن". 

بایدن بە ئەركی خۆی زانی كە هاوكاری ئەو خێزانانە بكات، ئەوەشی راگەیاند، بەشێك لەهاوڵاتیانی ئەمریكا لەماڵەكانیان بە هەژاری ماونەتەوە و توانای نوستنیشیان نیە، دوو دڵ و نیگەرانن لەدۆخی تەندروستییان. 

بڕیارە 20ی ئەم مانگە لە مەراسیمێكدا جۆ بایدن دەست بەكار بكات وەك سەرۆكی نوێی ئەمریكا لە ئێستاشدا بەشێك لە بەرپرسانی سەرەكی كابینەی حكومەتەكەی یەكلایی كردووەتەوە.