تەندروستی عێراق: ژمارەی چاکبوونەوە لە کۆرۆنا سێ هێندەی تووشبوونە
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٦٠٧ کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و ١٤ کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق بڵاویکردەوە، لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ ١٧٥٢ کەسی دیکە لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە.
بەگوێرەی داتا و زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، ڕێژەی چاکبوونەوە لە ئێستادا گەیشتووەتە ٩٢.٣%ی کۆی تووشبوان.
لەوەتەی کۆرۆنا لە عێراقدا بڵاوبووەتەوە، ٦٠٢ هەزار و ٩٣٨ کەس تووش کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ٥٥٦ هەزار و ٧٤٢ کەس چاکبوونەتەوە.
تا ئێستا لە سەرانسەری عێراق بەهۆی پەتای کۆرۆناوە ١٢٨٩٥ کەس گیانیان لەدەستداوە.
|