وەزیری تەندروستی بەریتانیا: دۆخی سیستمی تەندروستی وڵات زۆر زۆر خراپە

10/01/2021
فۆتۆ: 

مات هانکوک وەزیری تەندروستی بەریتانیا هۆشداری ئەوەیدا، بڵاوبوونەوەی خێرای پەتای کۆرۆنای گۆڕاو لە وڵاتەکەی سیستمی تەدروستی بەریتانیای خستووەتە دۆخێکی زۆر زۆر مەترسیدارەوە.

وەزیری تەندروستی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا وڵاتەکەی توانیویەتی ڕۆژانە ڤاکسینی دژی کۆرۆنا بدات بە ٢٠٠ هەزار کەس، چاوەڕوانیش دەکرێت هەفتانە ڕێژەکە بەرزبێتەوە بۆ ٢ ملیۆن کەس.

هانکوک جەختیکردەوە، وەرگرتنی ڤاکسین ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە نێوان ٤٠ بۆ ٥٠ ساڵیدایە، بۆ ئەوەی بە پەلە پەتاکە گەمارۆ بدرێت و تەشەنەکردنی رابگیرێت.

ڕوونیشیکردەوە تا وەرزی پایزی داهاتوو هەموو بەریتانیاییەک فاکسینەکەی وەرگرتووە، بە تایبەت دوای ئەوەی حکومەت داوای ٣٥٠ ملیۆن دۆزی کردووە، کە بەشێوەیەکی هێدی هێدی وەریدەگرێت و دەدرێت هەموو کەسێکی پێگەیشتوو لە سەرانسەری وڵاتدا.

لە کۆتایی وتەکانیدا وەزیری تەندروستی بەریتانیا هۆشداری ئەوەشی دا وەرگرتنی ڤاکسین و کۆنترۆڵکردنی پەتاکە، بە مانای ئەوە نییە بە تەواوی کۆرۆنایان لەناوبردووە، چونکە پێدەچێت  پرۆسەی وەرگرتنی ڤاکسینەکە دووبارە بکرێتەوە، چونکە تا ئێستا ماوەی بەرگری لەشی ئەو کەسانە نازانن کە فاکسینەکەیان وەرگرتووە.