ئێران لەسەر سزاکانی ئەمریکا لە دژی فالح فەیاز هاتە دەنگ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئیدانەی سەپاندنی سزاکانی ئەمریکای کرد بەسەر فا لح فەیاز سەرۆکی حەشدی شەعبی و هاوکات خودی فەیازیش وتی سزاکە سوکایەتییە بە عێراق و عێراقییەکان.
سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، سەپاندنی سزا بەسەر سەرۆکی دامەزراوەیەکی حکومی لە عێراق ئەنجامەکەی شکستە و ئاماژەیە بۆ نییەتێکی خراپی ئەمریکا و بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە دووچاری دۆخێکی ناسروشتی بووەتەوە.
لە لایەکی ترەوە فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەربارەی سزاکانی ئەمریکا لەدژی ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوە سوکایەتییە بە عێراق و عێراقییەکان.
ئەو قسانەی فەیاز لە میانی پێشوازیکردنی بوو لە قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە بارەگای حەشدی شەعبی.
بەگوێرەی بەیاننامەیەک لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کراوە دەربارەی دواپێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکان و جەختیکردنەوە لە هاوهەڵوێستی و بەهێزکردنی هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان ڕاوێژکارییەتی ئاسایشی نەتەوەیی و دەستەی حەشدی شەعبیدا، لە پێناو چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی وڵات.
سەبارەت بە هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ ئەوەی گروپی حوسییەکان کە ناسراون بە (ئەنساروڵا) بۆ ناو لیستی تیرۆری وڵاتەکەی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا ئەو هەنگاوە بنێت ئاماژەیە بۆ مایەپووچبوونی ئەمریکا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، کە لە ڕۆژەکانی کۆتایی خۆیدایە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، دوور بیت یان نزیک ئەمریکا ناچار دەبێت ناوچەکە و وڵاتان جێبهێلێت و ناچاریش دەبێت وتووێژ لەگەڵ گروپی ئەنساروڵادا بکات لە یەمەن.
|