عەدنان ئۆکتار بە 1000 ساڵ زیندانیکردن حکومدرا

11/01/2021
فۆتۆ: 

تەلەفزیۆنی (ئین تی ڤی) تورکیا بڵاویکردەوە، دادگای ئیستەنبوڵ لەسەر چەند تاوانێکی جیاجیا، سزای ١٠٧٥ ساڵ زیندانی سەپاند بەسەر (عەدنان ئۆکتار) کە بە بانخوازێکی دیاری تورکیا ناوبانکی دەرکردبوو.

عەدنان ئۆکتار کە لە ساڵی ٢٠١٨دا دەستگیر کراوە و تۆمەتبارە بە دامەزراندنی ڕێکخراوێکی تاوا نکاری و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان و تاوانی دەستدرێژی سێکسی و ڕفاندن و گێچەڵی سێکسی و بەزۆر پارە لە خەڵک سەندن، بێبەشکردنی کەسەکان لە ئازادی تاکە کەسی و بەکارهێنانی هەستی ئایینی و بیروباوەڕ و سۆزی هاوڵاتیان بۆ بەرژەوەندی خۆی، سەرەڕای ساختەکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکان و چەندین تاوانی دیکەی دراوەتەپاڵ.

لە پاڵ ئۆکتاردا دادگا سزای جیاجیای بۆ ٢٣٦ کەسی دیکەش دەرکردووە، کە زۆربەیان سزای زیندانیان بۆ دەرکراوە.

ئۆکتار، کە بە ناوی (هارون یەحیا) ناوبانگی دەرکردووە، خۆی وەک نوسەرێک ناساندووە و گوایە زیاتر لە ٣٠٠ کتیبی داناوە، لە بوارەکانی سیاسی و بابەتە ئاینییە جیاجیاکان و بۆ ٧٦ زمانی جیهانی وەرگێڕدراون.

پێشتریش دەزگای ئەمنی تورکیا لە ساڵی ١٩٨٦ عەدنان ئۆکتاری بە تۆمەتی بەکارهێنانی هەست و سۆزی ئایینی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی دەستگیر کراوە، هەروەها تۆمەتار کراوە بە بەکارهێنانی شوێنە پیرۆزەکان بە مەبەستی گۆڕانکاری لە سیستمی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی بنەماکانی دەوڵەتی عیلمانی تورکیادا.

بەڵام دوای ماوەیەک بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، ئۆکتار بێ تاوان دەرچووە و ئازاد کراوە.

بەر لە دەستگیرکردنی میدیاکانی تورکیا ئۆکتاریان وا ناساندووە، کە سەرۆکی گروپێکی ئیسلامی ساختەیە و لە بارەگاکەی کاری سێکسی  بەزۆر و سێکسی بەکۆمەڵ بە شوێنکەوتوانی دەکات.